ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق: هیچ پاڵپشتییەکی دەستووری بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان نییە

22-03-2022
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەڵێت، هیچ دەسەڵاتێکی دەستووری و یاسایی نییە پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە و ئاماژە بەوەش دەکات، میکانیزمی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان لە ماددەی 64ـی دەستوور دیاریکراوە. 
 
رۆژی سێشەممە 22/3/2022، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق راگەیێندراوێکی لەبارەی میکانیزمی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی عێراق بڵاوکردەوە و دەڵێت، عێراق وڵاتێکە دەستوور و سیستمی سیاسیی خۆی هەیە و میکانیزمەکانی پێکهێنانی دەسەڵاتەکان لەسەر ئەو بنەمایە، دەستووری عێراق دیاریکردوون. 
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "دەستووری وڵات هەڵقوڵاوی ویستی خەڵکی عێراقە و سیستمی سیاسیش لەسەر بنچینەی دەستوور دیاریکراوە."
 
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق هەروەها دەشڵێت: "چارەسەرکردنی کێشە سیاسییەکان تەنیا بە دەستوور دەبێت؛ هیچ لایەنێک ئینجا دادوەری بێت یان هەر لایەنێکی دیکە بێت، نابێت چارەسەرێک بسەپێنێت بۆ بنبەستی سیاسی، تەنیا بەپێی دەستوور نەبێت".
 
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق ئاماژە بەوەش دەکات، میکانیزمی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بە ماددەی 64ـی دەستوور دیاریکراوە و دەشڵێت، "هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بە زۆرینەی رەهای ئەندامانی پەرلەمان دەبێت و ئەوەش لە دوو حاڵەتدا دەبێت. یەکەم؛ یەک لەسەر سێی پەرلەمانتاران داوایەک پێشکێش بکەن. دووەم؛ سەرۆکوەزیران داوایەک پێشکێشبکات بە رەزامەندی سەرۆککۆمار."
 
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەیدا ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی باس لەوە دەکات، جگە لەو دەقەی کە هاتووە، هیچ لایەنێکی دیکە دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی نییە، بە دادگەشەوە، "چونکە هیچ پاڵپشتێکی دەستووریی یان یاسایی بۆ ئەو رێکارە نییە." 
 
ئەو راگەیێندراوە لە کاتێكدایە، دۆخی سیاسیی عێراق ماوەی چەند مانگێکە تووشی چەقبەستوویی بووە، ئەوەش بەهۆی دابەشبوونی قووڵی نێوان هێزە سیاسییەکان کە وایکردووە تاوەکو ئێستاش سەرۆککۆمار هەڵنەبژێردرێ. بڕیارە رۆژی 26ـی مانگ، پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە و یەکێک لە ئامانجەکانیش هەڵبژاردنی سەرۆککۆمارە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە