هونەر ئەحمەد لە موسڵەوە رووداوەکانی ئەمڕۆ دەگێڕێتەوە

22-03-2019
هونەر ئەحمەد
هونەر ئەحمەد
خۆپیشاندەرانی موسڵ داوای دەستلەکارکێشانەوەی پارێزگار دەکەن
خۆپیشاندەرانی موسڵ داوای دەستلەکارکێشانەوەی پارێزگار دەکەن
نیشانەکردن موسڵ
A+ A-

رووداو - موسڵ

لەکاتی سەردانیکردنی سەرۆککۆماری عێراق و پارێزگاری موسڵ بۆ شوێنی رووداوەکە، کەسوکاری قوربانیان و خەڵکی موسڵ خۆپیشاندانیان کرد. سەرۆککۆماری عێراق ویستی لەگەڵ خۆپیشاندەران قسە بکات. بەڵام پێیانگوت ''شلع قلع كلكم حرامية''.

لەژێر فشاری خۆپیشاندەران بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق و پارێزگاری موسڵ جێگاکەیان جێهێشت. 

خۆپیشاندەرێکی ژن گوتی: "سه‌رۆك هات قسه‌ی له‌گه‌ڵ كردین، به‌ڵێنی پێداین تاوانباران لێپێچینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت، دواتر هه‌ر كه‌ رێگەمان بۆ كردەوه‌ سه‌رۆك هه‌ڵات".

خۆپیشاندەرێکی دیکەش بریندارکرابوو و لەبارەی پارێزگاری موسڵ گوتی: "ئه‌وه‌ پارێزگاری ئێمه‌یه‌ له‌ گه‌لی خۆی ده‌دات. به ‌ئه‌رزیان ده‌دات و به‌سه‌ریاندا ده‌ڕوات، با خه‌ڵكی هه‌موو ئه‌مه‌ ببینێت".

لە پاش رووداوەکە بە بەردەوامی 10 تیمی حکومی بەدوای تەرمی قوربانییەکانەوەن و بەوردی کەناری رووباری دیجلە دەپشکنن. رووداو لەگەڵ یەکێک لە تیمەکان بەنێو ئاوەکەدا دەگەڕێت. بەپێی دوایین ئاماری ئەوان 105 کەس گیانیان لەدەستداوە و 35 بۆ 40 کەسی دیکەش هێشتا بێسەروشوێنن.

محەممەد سالم، دەریاوانە و دەڵێت: "ئه‌وانه‌ی به‌زیندووی ده‌رهێنران 75 بۆ 80 كه‌سن، منداڵیان تێدا بوو ژن و خه‌ڵكی به‌ته‌مه‌ن، به‌ڵام كه‌ له‌ پردی كۆن تێپەڕده‌بیت له‌وێ پردێكیان دروستكردووه‌ زۆر نزمه،‌ به‌له‌مه‌كانمان ناتوانن بچن بۆ ئه‌وێ، بۆیه‌ ئه‌و ته‌رمانه‌ی له‌و پرده‌ تێپه‌ڕبوون نه‌مان توانیووه‌ ده‌ریان بێنین".

بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو دۆزینەوەی تەرمە بێسەروشوێن بووەکان ئاسان نییە. بەگوێرەی شایەتحاڵەکان بێت کە قسەیان بۆ رووداو کردووە، بەلەمەکە نزیکەی 250 کەسی هەڵگرتووە. 

ئیبراهیم عاسم، وەک خۆبەخشێک لە مانگی سووری عێراقی چەندین تەرمی دەرهێناوە و دەڵێت: "دوێنێ دابه‌زین دوو منداڵمان بینیەوە، پێش ئه‌وه‌ی بگه‌یت به‌ ماڵی سه‌بعاوی، بینیمان منداڵه‌كان له‌سه‌ر ده‌م خه‌وتبوون. ئه‌مڕۆش كوڕێك له‌ ده‌سته‌كه‌ی ئێمه‌ دابه‌زی سێ كه‌سی ده‌رهێناو دواتر زۆر ماندوو بوو، به‌ڵام ژنێكی بینی چوو ئه‌ویش ده‌ربێنێ، ئیدی خۆشی تێداچوو خودا لێی خۆشبێت".

بەرپرسانی ئیداری شارەکە پێشوەخت هۆشدارییان لە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی رووبارەکە دابوو، بەڵام هۆکاری دیکەش هەن.

خەڵکی موسڵ دۆخی ئێستای شارەکەیان وەکو سەرەتای سەرهەڵدان داعش دەبینن.

خۆپیشاندەرێکی دیکە لەبارەی پڕۆژەکانی موسڵ دەڵێت: "پڕۆژه‌ گه‌وره‌كانی موسڵ له‌نێوان چه‌ند لایه‌نێكدا دابه‌شده‌كرێت، هه‌روه‌كو 2014ـه‌ خه‌ڵكی ده‌یدا به ‌داعش، ئێستا ده‌درێت به‌چه‌ند لایه‌نێك".

خۆپیشاندەران لیژنەیەکیان پێکهێنا، تاوەکو بتوانن لەڕێگەیەوە داواکارییەکانیان جێبەجێ بکەن، کە گرنگترینیان دەستلەکارکێشانەوەی پارێزگاری موسڵ و بەسزا گەیاندنی رووداوی ناوچەی گەشتیاری جەزیرەیە.

داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە