رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ بەدیجیتاڵكردن، عێراقییەکان لە بواری دیجیتاڵی بە نەزان و نەخوێندەوار ناودەبات و دەڵێت، عێراق 5.3 ملیۆن فەرمانبەری هەیە، بەڵام خاوەنی تەنیا 750 هەزار کۆمپیوتەرە. تێکڕای تەمەنی کۆمپیوتەرەکانیش 12 ساڵە.
د. حەسەن خەتیب، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری بەدیجیتاڵکردن و پەیوەندییەکان، میوانی بووڵتەنی کاژێر 10:00ـی رووداو بوو و رایگەیاند، عێراق بە دەست ئاڵنگاریی زۆر گەورەوە دەناڵێنێت، گرنگترینیان نەزانینە لە بواری دیجیتاڵی دا.
د. حەسەن خەتیب، کە 50 ساڵ لە ئەمریکا ژیاوە. پێشتر بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای مایکرۆسۆفت بووە و لە سلیکۆن ڤاڵی-ش ماوەیەکی زۆر کاری کردووە، دەڵێت "بەداخەوە عێراق لە پرسی دیجیتاڵیدا نەزان و نەخوێندەوارە."
هۆکارەکەشی بۆ خراپی سیستمی پەروەردە و فێرکردن گەڕاندەوە و رایگەیاند، قوتابی هەر لە قۆناخی سەرەتاییەوە بگرە تاوەکو لە زانکۆ دەردەچێت، زانیاریی کردەییان لەبارەی تەکنەلۆژیای نوێ نییە.
راوێژکارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، هاووڵاتیی عێراقی توانای کڕینی کۆمپیوتەری نییە جا دیسکتۆپ بێت یان لاپتۆپ، بەهۆی ئەوەی نرخەکانیان گرانە. بەڵام مۆبایلیان هەیە و زۆر بە باشی بەکاریدەهێنن.
دکتۆر حەسەن خەتیب کە نزیکەی دوو ساڵە راوێژکاری سوودانییە بۆ کاروباری بەدیجیتاڵکردن و پەیوەندییەکان، گلەیی زۆری لە حکومەتی عێراق هەیە و دەڵێت، "نزیکەی 5 ملیۆن و 250 هەزار فەرمانبەری هەیە، بەڵام تەنیا 750 هەزار کۆمپیوتەری هەیە."
راوێژکارەکەی سوودانی تێبینی لەسەر کۆمپیوتەرەکانی فەرمانگەکانیش هەیە و باسی ئەوە دەکات "تێکڕای تەمەنی کۆمپیوتەرەکان 12 ساڵە. لەکاتێکدا تەمەنی کۆمپیوتەر حەوت ساڵە، واتە زۆربەی کۆمپیوتەرەکانی عێراق پێنج ساڵە تەمەنیان ئێکسپایەر بووە و هێشتا بەکاریدەهێنن". گوتیشی "هێشتا ویندۆز 7 بەکار دەهێنن، لە کاتێکدا تەکنۆلۆژیا هێندە خێرا پێشکەوتووە، ئەپڵیکەیشن هەیە تەنیا لە ویندۆز 11 کار دەکات."
لەبارەی سیستمی دیجیتاڵیی "هەژماری من" راوێژکارە عێراقییەکە گوتی "بەدڵنیاییەوە پارێزراوە." راشیگەیاند، هەموو جیهان تەکنۆلۆژیا بەکاردەهێنێت و هەموویان نهێنیی تایبەت بەخۆیانەوە هەیە، هیچکامیان هاک ناکرێت و نادزرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ