رووداو دیجیتاڵ
پێنج رۆژ بەسەر بڵاوکردنەوەی یاسای لێبووردنی گشتی لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی تێدەپەڕێت. گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق دەڵێت، دەستیان بە جێبەجێکردنی کردووە و دەیانەوێت لە ماوەیەکی دیاریکراودا بە سەرکەوتوویی جێبەجێ بکرێت.
ئەحمەد لعێبی، گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق رۆژی شەممە 22-02-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "رێکارەکانی جێبەجێکردنی یاسای لێبووردنی گشتی لە وەزارەتەکەمان دەستیان پێکردووە و کارەکان بە باشی و خێرایی دەڕۆن. ئامانجمان ئەوەیە لە ماوەیەکی دیاریکراودا بە سەرکەوتوویی جێبەجێ بکرێت."
لعێبی دەڵێت، "لێبووردنی گشتی ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە حوکمی کۆتایی دراون و سزاکەیان یەکلایی کراوەتەوە، نەوەک ئەوانەی هێشتا حوکم نەدراون و دۆسیەکانیان یەکلایی نەکراوەتەوە."
لەبارەی ژمارەی سوودمەندبووان لە یاساکە، گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق گوتی، "سوودمەندبووان ئەنجوومەنی دادوەری دیارییان دەکات، بۆیە ئێمە ژمارەکە بە دیاریکراوی نازانین، بەڵام بە دڵنیاییەوە هەزاران کەس لێی سوودمەند دەبن. دوای کۆتاییهاتنی پڕۆسەکە ئەوکات دەتوانین ژمارەی ئازادکراوان بە فەرمی بڵاوبکەینەوە."
هاوکات دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت، "جێبەجێکردنی یاسای لێبووردنی گشتی بۆئەوەی بە شێوەیەکی رێکخراو و بێ کێشە بەڕێوەبچێت، پێویستی بە پێکهێنانی لیژنە هەیە لە رێگەی وەزارەتی دادەوە بۆئەوەی سەرپەرشتی پڕۆسەکە بکەن و رێکاری بۆ دابنێن."
ئەو ئەندامەی لیژنەی یاسایی گوتیشی، "تاوەکو ئێستا نازانین بەربەست لەبەردەم جێبەجێکردنی ئەو یاسایە هەیە یان نا، بەڵام جیبەجێکردنەکە بەدڵنیاییەوە کاتی پێویستە، بەتایبەتی لە بابەتی گیراوانی تیرۆردا کە داوای لێکۆڵینەوە کردن لەگەڵیان کراوە."
21ی مانگی رابردوو، پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە و بە یەک پاکێج هەر سێ پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەی موڵک بۆ خاوەنە راستەقینەکانیان، پڕۆژەیاسای لێبووردنی گشتی و هەمواری یاسای باری کەسێتی پەسند کرد.
لە رۆژی 18ـی ئەم مانگەش هەر سێ یاساکە لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی بڵاوکرانەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ