دەرهێنان و نوێکردنەوەی پاسپۆرت لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی رەگەزنامە و پاسپۆرتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، کۆمپانیای دروستکردنی دەفتەری خامی پاسپۆرت دەستی بە کارەکانی کردووەتەوە و 300 دەفتەری خامیان بۆ ناردوون، گوتیشی: "لە داهاتوودا دەفتەری زیاترمان بۆ دەنێردرێت".
شەوی چوارشەممە، 22-2-2023، هێرش ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی رەگەزنامە و پاسپۆرتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، جگە لەو 300 دەفتەرە، "لە ماوەیەکی نزیکدا دەفتەری زیاترمان بەدەست دەگات و تەواوی کارەکانی هاونیشتمانیان رایی دەکەین، چونکە ئێستا کۆمپانیای دروستکردنی دەفتەری خامی پاسپۆرت کەوتووەتەوە کار."
لە دوای سەری ساڵەوە، دەرهێنانی پاسپۆرت بەهۆی نەبوونی دەفتەری پاسپۆرتەوە راگیراوە.
20ـی ئەم مانگە ئەو بەڕێوەبەرە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، بەڵیندراوە بە زووترین کات کارگەیەک دەست بە چاپکردنی یەک ملیۆن دەفتەر بکات و راستەوخۆ بەسەر شارەکاندا دابەشبکرێن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە. گوتیشی بەرپرسانی لایەنی پەیوەندیدار لە عێراق بەڵێنیان داوە لە ماوەی 10 بۆ 15 رۆژی دیکەدا کێشەکە بە تەواوی چارەسەر بکەن.
هاوکات رۆژی 18-02-2023 عەمید سالار عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری گشتیی پاسپۆرتی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، "لە کارەکان بەردەوامن و کاری خەڵک رانەگیراوە، بەڵام کە دەگاتە سەر ئامێری چاپ، بەهۆی نەبوونی دەفتەر لەوێ، مامەڵەکان رادەوەستن."