بەرپرسێکی کۆمیسیۆنی عێراق: قورسە ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەڕێوەبچێت

22-02-2023
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسێکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایدەگەیێنێت، دوای بڕیاردان لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و دابینکردنی پارەی پێویست، کۆمیسیۆن 10 مانگی پێویستە تاوەکو ئامادەکارییەکانی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن تەواو بکات. دەشڵێت، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق پێکەوە ناکرێن. 
 
هەیمان تەحسین حەمید، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری پارت و رێکخراوە سیاسییەکان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رۆژی چوارشەممە 22-02-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تاوەکو ئێستا حکومەتی عێراق بڕیاری نەداوە کەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بکرێت، هەر کاتێک بڕیاری دا، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، پێویستی بە 10 مانگە تاوەکو ئامادەکارییەکانی تەواوبکات، بە مەبەستی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن." 
 
بەپێی بەرنامە وەزارییەکەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە رێککەوتی پێکهێنانی حکومەتەوە، لە ماوەی ساڵێکدا پێویستە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بە کەرکووکیشەوە بەڕێوەبچێت. ئەمە لەکاتێکدایە، کابینەکەی سوودانی لە 27-10-2022 لە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەردرا و پەسند کرا. بەم شێوەیە پێویستە تا 27-10-2023 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە عێراق بەڕێوەبچێت، بەڵام تائێستا بڕیار لەو بارەوە نەدراوە. 
 
ئەو بەرپرسەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق روونیکردەوە: "بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگان، پێویستی بە بڕیاری حکومەت و دابینکردنی پارەی پێویست و یاسایە، دوای هەموو ئەمانە، ئەوکاتە کۆمیسیۆن 10 مانگی پێویستە تاوەکو ئامادەکارییەکانی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن تەواو بکات." گوتیشی، "ئەمساڵ زۆر زەحمەتە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە عێراق بەڕێوەبچێت." 
 
لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە، هەیمان تەحسین رەتیکردەوە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەبچێت، گوتی، "هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستانەوە بەڕێوەدەچێت، نەک کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، بەڵام هەڵبژاردنەکە لە ژێر رێنماییەکانی ئێمە بەڕێوەدەچێت، ئەمەش بەپێی بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق." 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بازگەی شێراوە لە رێگەی هەولێر بە ئاراستەی کەرکووک.

میقداد میری: سبەی هەینی قەدەخەی هاتووچۆ لەنێوان پارێزگاکان بەردەوام دەبێ

میقداد میری، گوتەبێژى لیژنەى باڵاى ئەمنیى سەرژمێریى گشتیى دانیشتووان رایگەیاند، سبەی هەینی قەدەخەی هاتووچۆی نێوان پارێزگاکان بەردەوام دەبێت، بەڵام لەنێو شارەکاندا هاتووچۆ ئاسایی دەبێتەوە.