رووداو دیجیتاڵ
دەستەی حەشدی شەعبی کوژرانی سێ چەکداری داعشی لە بیابانی ئەنبار راگەیاند، بەرپرسێکیش لە ئەنجوومەنی پارێزگاکە دەڵێ، ئەو سێ چەکدارە جێگەی مەترسی بوون و خەڵکیان رفاندووە.
چوارشەممە، 22ـی کانوونی دووەمی 2025، دەستەی حەشدی شەعبی رایگەیاند "ئەمڕۆ لە باشووری قەزای روتبە لە بیابانی پارێزگای ئەنبار، هێزەکانی لیوای 57ـی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی حەشدی شەعبی لە ئەنبار، توانیان سێ چەکداری داعش بکوژن."
شێخ عەبدوڵڵا جغێفی، راوێژکاری لیژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "ئەو سێ چەکدارە پاشماوەی رێکخراوی داعش بوون و، جاروبار لە بیابانی ئەنبار کردەی تیرۆریستییان کردووە."
بەگوتەی شێخ عەبدوڵڵا جغێفی، "ئەو سێ چەکدارە وەک گرووپێکی تیرۆریستی مەترسییان بۆ سەر ژیانی گوندنشینان و جووتیارانی قەزای روتبە دروستکردووە و دەستیان لە رفاندنی چەند شوانێکی سنوورەکەشدا هەبووە."
هەر ئەمڕۆ، عیماد دلێمی، قایمقامی قەزای روتبە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەشێوەیەکی گشتیی بارودۆخی ئەمنیی قەزاکەمان جێگیرە، بەڵام هەندێکجار شانە نووستووەکانی چەکدارانی داعش بەشێوەی تاکەکەسی جموجۆڵیان لە ناوچەکانی باکوور و باشووری قەزاکەمان هەیە، کە ئەوانیش ناوچەکانی قەعرە و وادی حۆرانن، ئەو سێ چەکدارەش کە ئەمڕۆ کوژران، بەشێکن لەو شانە نووستووانە."
قەزای روتبە دەکەوێتە رۆژئاوای پارێزگای ئەنبار و نێوجەرگەی بیابانی پارێزگای ئەنبار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ