رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق رەتیدەکاتەوە یاسای لێبووردنی گشتی "تیرۆریستان" بگرێتەوە. ئاماژە بەوەش دەکات، لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو سزادراوانە دەکرێتەوە کە دەڵێن "بە زۆر دانپێدانانیان لێوەرگیراوە."
محەممەد عەنووز، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە 22-01-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پڕۆژەیاسای لێبووردنی گشتی بە رێککەوتنی سیاسی لە پەرلەمان پەسند کرا، هەر کەسێک تێبینیی هەیە، دەتوانێت لە دادگای باڵای فیدراڵی سکاڵا تۆمار بکات.
ئەو ئەندامەی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق رەتیکردەوە، لێبووردنەکە "تیرۆریستان" و هەموو زیندانیان بگرێتەوە و گوتی، ئەو کەسانەی بە تۆمەتی تیرۆر سزادراون و بانگەشەی ئەوە دەکەن ستەمیان لێکراوە، دۆسیەکانیان پێداچوونەوەیان بۆ دەکرێت و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێتەوە.
محەممەد عەنووز ئاماژەی بەوەش کرد، یاسای عێراق رێگە دەدات هەر کەسێک بانگەشەی ئەوە بکات کە دانپێدانانی بە زۆر لێوەرگیراوە، دادگایی بکرێتەوە. گوتیشی، یاساکە نوور زوهێر و هاوشێوەکانی ناگرێتەوە.
ئەندامەکەی لیژنەی یاسایی باسی لەوەش کرد، نوور زوهێر و هاوکارانی زیاتر لە چوار تریلیۆن دیناریان بردووە و پێویستە پارەکە بگەڕێننەوە، ئەگەرنا لێبووردنەکە نایانگرێتەوە.
دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراقیش لە بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)دا گوتی، یاسای لێبووردنی گشتی چەند جۆرێک تاوان ناگرێتەوە، وەک کوشتنی بە ئەنقەست، تیرۆر، بازرگانی بە مادەی هۆشبەر و بازرگانی بە ئەندامانی جەستەی مرۆڤ.
سێکانیانی گوتیشی، لە هەموارەکەدا بڕگەیەک جێگیرکراوە و دەڵێت، ئەو کەسانەی لێبووردنەکە نایانگرێتەوە، دەتوانن داوا بکەن لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ بکرێتەوە و چاو بە سزاکەیاندا بخشێندرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ