سوودانی پێشنیازێکی نوێ بۆ هەمواری بودجە دەنێرێتە پەرلەمان و دۆسیەی نەوتی کوردستان ئاڵۆزتر دەکات

22-01-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ جاری دووەم پێشنیازێکی نوێی لەبارەی هەموارکردنی یاسای بودجە، کە تایبەتە بە دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان، رەوانەی پەرلەمانی عێراق کرد. ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمان داوا دەکات حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرزترین ئاست بچێتە سەر هێڵ.
 
هەمواری پێشوو خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە، تەنیا دەنگدانی پەرلەمانی ماوە. دوێنێ هەموارەکە بۆ دەنگدان لە بەرنامەی کاری پەرلەمان دابوو، بەڵام دواخرا.
 
ئەو هەنگاوە ئاڵۆزیی زیاتر لە پرۆسەی پەسندکردنی هەموارەکە دروست دەکات. سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووری لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 22-01-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، حکومەتی عێراق لە دەقی پێشووی خۆی پاشگەز بووەتەوە و پێشنیازێکی نوێی خستووەتە بەردەم پەرلەمان.
 
بەپێی دەقی پێشنیازە نوێیەکە، هەرێمی کوردستان دەبێت سەرجەم داهاتی فرۆشی نەوت و گاز و بەرهەمە نەوتییەکان، چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوە، بە تەواوی رادەستی خەزێنەی گشتی بکات.
 
سۆران عومەر پێیوایە کە سوودانی بەهۆی گوشاری لایەنە سیاسییەکانەوە ئەم هەنگاوەی ناوە، ئەمەش کێشە و ئاستەنگی زیاتر بۆ تێپەڕاندنی هەموارەکە دروست دەکات، بەتایبەتی کە پێشتر بەشێک لە لایەنە شیعەکان لەسەر ئەو پرسە ناکۆک بوون.
 
دەقە پێشنیازکراوە نوێیەکە کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیای رووداو کەوتووە بەم شێوەیە:
 
"بە پشتبەستن بە بڕگەکانی (أ) و (ب) لەم بەندە، پێویستە داهاتی فرۆشی نەوت و گاز و بەرهەمەکانی بە ناوخۆیی و دەرەکییەوە بە تەواوی و بێ هیچ کەمکردنەوەیەک رادەستی خەزێنەی گشتی بکرێت، بەپێی ئەو رێوشوێنانەی کە لە ناوچەکانی دیکەی عێراق دا کاری پێدەکرێت، بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی ژمارە (6)ی ساڵی 2019ی هەموارکراو، پێویستە تێچووەکان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە هەژمار بکرێن."
 
هەر لەوبارەوە، جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بەتۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، "ئەم هەویرە ئاوی زیاتری دەوێت"، بەو مانایەی کە ئەم پرسە پێویستی بە گفتوگۆی زیاترە.
 
ئەو ئاماژەی بەوەشدا کە حکومەت خۆی لەلایەک پێداگری لەسەر دەقەکەی پێشوو دەکات و لەلایەکی دیکەوە پێشنیازی نوێی بۆ زیاد دەکات، ئەمەش دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات.
 
جەمال کۆچەر ئەوەشی خستەڕوو، "دەقە نوێیەکە دەست و قاچی هەرێمی کوردستان دەبەستێتەوە، چونکە بەپێی ئەم دەقە دەبێت هەرێمی کوردستان سەرجەم داهاتی نەوت و گاز رادەستی حکومەتی فیدراڵی بکات."
 
هەروەها جەختی لەوە کردەوە، "تاوەکو ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان بەم پێشنیازە رازی نییە."
 
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی ئاماژەی بەوەشدا، تێپەڕاندنی هەموارەکە ئاستەنگی زۆری لەبەردەمە و دەستوەردانی سیاسی زۆری تێیدا دەکرێت، بەتایبەتی کە نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق هۆکارێکی دیکەی ئاڵۆزتربوونی دۆخەکەیە.
 
ئەو جەختی لەوە کردەوە "پێویستە رێککەوتنی سیاسیی لەسەر بکرێت و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرزترین ئاست بێتە سەرهێل بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە."
 
5ی تشرینی دووەمی 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق هەمواری مادەی 12ی تایبەت بە بەرهەمهێنان، گواستنەوە و رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی لە یاسای بودجەی سێ ساڵی عێراق پەسند کرد و 16 دۆلاری وەک تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت دیاریکرد.
 
بڕگەی یەکەم باس لەوە دەکات، وەزارەتی دارایی عێراق شایستە داراییەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت دەداتە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە مەرجێک نەوتەکەی رادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) یان وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بکات.
 
لە بڕگەکانی پێشنیازی هەموارەکەدا هاتووە، شایستە داراییەکان بە شێوازێکی دادپەروەرانە لەلایەن دامەزراوەیەکی راوێژکاریی نێودەوڵەتی تایبەتمەند کە دڵخوازی وەزارەتەکانی نەوتی فیدراڵ و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بێت، دیاری دەکرێن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە