رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای فڕۆکەوانیی فلای بەغداد رایگەیاند، هیچ بەڵگەیەک نییە بیسەلمێنێت فڕۆکەکانیان چەک و چەکدار و دۆلاریان بە قاچاخ گواستبێتەوە، کە بەهۆیەوە خرایە لیستی سزاکانی ئەمریکاوە. دەشڵێت، "پەنا دەبەینە بەر یاسا بۆ داواکردنی قەرەبووی مادی و مەعنەوی".
شەوی دووشەممە 22ـی کانوونی دووەمی 2024، کۆمپانیای فڕۆکەوانیی فلای بەغداد، دوای ئەوەی بە پاساوی "گواستنەوەی بەقاچاخی چەک و چەکدار و دۆلار بۆ سووریا"، خرایە لیستی سزاکانی ئەمریکاوە، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "راگەیێندراوەکەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا تووشی سەرسوڕمانی کردین."
کۆمپانیاکە سەرکۆنەی ئەو بڕیارەی ئەمریکای کردووە، چونکە بە گوتەی خۆی، "هیچ بەڵگەیەکی مادی و مەعنەوی نییە، کۆمپانیا ساڵانێک لەژێر سەرپەرشتی راستەوخۆی حکومەتی عێراق کە خۆی لە دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی عێراق و وەزارەتی گواستنەوە دەبینێتەوە کاریکردووە، تاکە ئەندامیشە لە رێکخراوی ئەیاتا (IATA) لە عێراق."
کۆمپانیاکە داوا لە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەکات ئەو بەڵگانە بخاتەڕوو کە دەیسەلمێنێت ئەوان چەکیان بە قاچاخ بۆ سووریا گواستبێتەوە. دەشڵێت، "پەنا دەبەینە بەر رێگەی یاسایی بۆ داواکردنی مافە مادی و مەعنەوییەکانمان، چونکە تەواو روونە بڕیارەکە بە زانیاریی شێوێندراو و ناڕاست بونیادنراوە."
راگەیێندراوەی ئەو کۆمپانیایە لە کاتێکدایە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، سێ سەرکردەی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراقی و ژمارەیەک کۆمپانیای خستە نێو لیستی سزاکانی، کە بە گوتەی وەزارەتەکە هاوکاری داراییان بۆ کەتیبەکانی حیزبوڵڵا کۆکردووەتەوە و دابینکردووە.
یەکێک لەوانەی لەلایەن ئەمریکاوە سزای بەسەردا سەپێندراوە، بەشیر عەبدولکازم عەلوان شەبانیە، کە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای فلای بەغدایە و ئەمریکا رایگەیاندووە، ناوبراو راستەوخۆ دەستی هەبووە لە چالاکییەکانی فلای بەغدا.
دوای راگەیێندراوەکەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، ئەمڕۆ لە بەشێک لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی ژمارەیەک گرتەی ڤیۆیی بڵاوکرایەوە گوایە گەشتیارانی عێراق، ئەوانەی فڕۆکەکانی فلای بەغدا بەکاردەهێنن، لە چەند فڕۆکەخانەیەک رووبەڕووی دواکەوتنی فڕۆکەکانیان و کێشەی دیکە بوونەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ