باڵیۆزی ئەمریکا دەڵێت ئێران 'هێڵێکی ئاسمانیی عێراقی' بۆ بەقاچاخبردنی چەکدار و دۆلار بەکاردەهێنێت

رووداو دیجیتاڵ 

لەدوای ئەوەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەر هێڵی فڕۆکەوانیی فلای بەغدادی عێراقیدا سەپاند، باڵیۆزی ئەمریکا رایگەیاند، بەکارهێنانی هێڵێکی ئاسمانیی عێراقی "بۆ بەقاچاخبردنی چەکدار و دۆلار لەلایەن ئێرانەوە پێشێلکارییەکی زەقە." 
 
رۆژی دووشەممە، 22ـی کانوونی دووەمی 2024، ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، لە پۆستێکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، لەدوای راگەیاندنی لیستی سزاکانی ئەمریکا دژ بە ژمارەیەک کەس و دامەزراوەی عێراقی رایگەیاند: "ئەمڕۆ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا کۆمپانیای فلای بەغداد و سێ ئەندامی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراقی لەسەر لیستی ئەو لایەنانە پۆلێن کرد کە پشتیوانی لە سوپای پاسدارن و گرووپەکانی سەر بە ئەوان لە عێراق و سووریا رژدبوونی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نیشاندەدات بۆ بەرنگاربوونەوەی ئەو هەڕەشە بەردەوامەی سوپای پاسداران و تۆڕەکانی سەر بە ئەو لە عێراق دروستی کردووە."
 
رۆمانۆوسکی دەشڵێت، "بەکارهێنانی هێڵێکی ئاسمانیی عێراقی بۆ بەقاچاخبردنی چەک، چەکدار و دۆلار لەلایەن ئێرانەوە پێشێلکارییەکی زەقی سەروەریی خاکی عێراقە." 
 
باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، لینکی ناو و وردەکاریی ئەو دامەزراو و کەسایەتییانەی بڵاوکردووەتەوە کە لە لیستی سزاکانی وڵاتەکەیدا ناویان هاتووە.
 
رۆژی 22ی کانوونی دووەمی 2024، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، سێ سەرکردەی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراقی و ژمارەیەک کۆمپانیا خستە لیستی سزاکانییەوە، کە هاوکاری داراییان بۆ کەتیبەکانی حیزبوڵڵا کۆکردووەتەوە و دابینکردووە.
 
یەکێک لەوانەی لەلایەن ئەمریکاوە سزای بەسەردا سەپێندراوە، بەشیر عەبدولکازم عەلوان شەبانیە، کە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای فلای بەغدایە و ئەمریکا رایگەیاندووە، ناوبراو راستەوخۆ دەستی هەبووە لە چالاکییەکانی فلای بەغدا.
 
هەروەها حوسێن موئنيس عوبێدی ناسراو بە حوسێن موئنس، بەرپرسێکی باڵای کەتیبەکانی حیزبوڵڵایە، ئێستاش ئەندامی پەرلەمانی عێراقە. 
 
یەکێکی دیکە لەوانەی سزاکان گرتوونیەتییەوە، ریاز عەلی حوسێن عەزاویە، پسپۆڕە لە بەکارهێنانی درۆن و ئەندازیارە لە حەشدی شەعبی. 
 
یەکێکی دیکە لەوانەی ناوی خراوەتە لیستی سزادراوان ئەوقەت موحسین فەرەج حەمداوی، برای بچووکی ئەحمەد حەمداوی، سکرتێری گشتی کەتیبەکانی حیزبوڵڵایە، کە ئەحمەد حەمداوی ناوی لە لیستی سزادراوانی ئەمریکادایە، سەرپەرشتی چالاکییە ئابووری و بزنسەکانی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا کردووە و هاوکاری بۆ ئەو گرووپە کۆکردووەتەوە و سەرپەرشتیاری چالاکییەکانی سپیکردنەوەی پارەی کردووە.
 
بەگوێرەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا "پێنتاگۆن"، لە 7ی تشرینی یەکەمی ساڵی 2023وە، گرووپەکانی نزیک لە ئێران کە خۆیان بە موقاوەمەی ئیسلامی دەناسێنن زیاتر لە 140 جار هێرشیان کردووەتە سەر سەربازانی ئەمریکی لە عێراق و سووریا.