گرتە ڤیدیۆیەک بووە هۆی دەرکردنی چوار ئەفسەر لە سوپای عێراق

22-01-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دادگەی سەربازیی سوپای عێراق بڕیاریدا چوار ئەفسەر لە ریزەکانی سوپا دەربکات، ئەمەش دوای ئەوەی ئەفسەرێک لە ئەفسەرێکی پلەباڵاتر دەدات و ڤیدیۆی لێدانەکەش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەکرێتەوە.
 
بەپێی بەڵگەنامەکانی دادگەی سەربازیی یەک کە لەلایەن عەمیدی مافپەروەر سەلاحەدین جەمال ئەحمەد، سەرۆکی دادگەی سەربازی یەکەوە دەرچووە و تایبەتە بە رووداوی لێدانی ئەفسەرێک بە پلەی موقەدەم لە ئەفسەرێکی هاوکاری بە پلەی عەقید دادگەکە چوار بڕیاری بۆ چوار ئەفسەر دەرکرد، دوو لەو ئەفسەرانە ئەوانەن کە لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا دەرکەوتوون.
 
دادگەی سەربازی بڕیاری دەرکردنی ئەو چوار ئەفسەرەی لە ریزەکانی سوپای عێراق دا، جگە لە بەندکردنیان بۆ ماوەی ساڵێک، کە هەشت مانگ بەپێی یاسای سزادانی عێراق و چوار مانگیش بەپێی یاسای سزادانی سەربازی دەبێت.
 
 
ناو و پلەی ئەفسەر سزادراوەکان:
 
- موقەدەم موحسین عەلی عەبدوڵڵا حەمەد نعێمی لە فەرماندەیی ئۆپەڕاسیۆنەکانی کەرخ.

 

- عەمید کامل تەرخان عەلوان ناسر دلێمی لە فەرماندەیی ئۆپەڕاسیۆنەکانی کەرخ.

 

- موقەدەم هەیسەم هانی محەممەد عەبدوڵڵا موسڵی لە فەرماندەیی ئۆپەڕاسیۆنەکانی کەرخ.

 

- عەقید لەیس جەمیل حەمید عەلی شممەری لە فەرماندەیی ئۆپەڕاسیۆنەکانی کەرخ.
 
رۆژی شەممەی ئەم هەفتەیە گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی بڵاوبووەوە، تێیدا ئەفسەرێک بە پلەی موقەدەم چەند زللەیەک لە ئەفسەرێکی دیکە کە پلەی عەقیدی هەیە دەدات و سووکایەتی پێدەکات، وەزارەتی بەرگریی عێراق راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، رووداوەکە لە مێژووی 103 ساڵەی سوپای عێراق ناوەشێتەوە و ئەنجوومەنێکی لێکۆڵینەوەی بۆ دروستدەکات.
 
دوای رووداوەکە وەزارەتی بەرگریی عێراق لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی لەبارەی رووداوەکەوە بە سەرۆکایەتیی لیوا روکن فەیاز داود سەلمان، ئەمینداری هەواڵگری و ئاسایش لە سەرۆکایەتیی ئەرکانی سوپای عێراق، لیوا روکن نەسیر مەهدی ساڵح، یاریدەدەری بەڕێوەبەری هەواڵگریی سەربازی پێکهێنا.
 
هەرچەندە گرتە ڤیدیۆییەکە لەنێو تۆڕە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دەنگدانەوەی زۆری هەبوو، بەتایبەت کە ئەو ئەفسەرەی پلەی بەرزترە و لێیدەدرێت دەگریێت و دەپاڕێتەوە لێی نەدرێت، بەڵام دادگەی سەربازی لە بڕیارەکانیدا لەسەر ئەو چوار تۆمەتبارە تاوانەکەی بە ئابڕووبەر نەناساندووە.
 
سزاکانیش بەگشتی بەمشێوەیەن:
 
1- سزای تووند بۆ هەشت مانگ بەپێی مادەی 226ـی یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111ـی ساڵی 1969 و هەموارەکانی و بە بەڵگەی مادەی 132/3ـی هەمان یاسا.
 
2-سزای تووند بۆ چوار مانگ بەپێی مادەی 42/دووەم لە یاسای سزادانی سەربازیی عێراقی ژمارە 19ـی ساڵی 2007ـی هەموارکراو.
 
3- لە رۆژی دەرچوونی بڕیارەکەوە، سزاکان جێبەجێ دەکرێت.
 
4- تاوانەکە بە تاوانی شکۆبەر هەژمار ناکرێت.
 
5- بە پشتبەستن بە حوکمەکانی مادەی 15/دووەم لە یاسای سزادانی سەربازیی عێراق ژمارە 19ـی ساڵی 2007، ئەو کەسانە لە سوپا دەردەکرێن.
 
د. ئەعیاد تۆفان، شارەزای سەربازی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "رووداوەکە ئابڕووبەرە، بەتایبەت بۆ سوپای عێراق، دەبێت ئەوانە ببنە پەند بۆ ئەوەی ئەو جۆرە گرتە ڤیدیۆییانە بڵاونەبێتەوە، دەشبێت بەکارهێنانی مۆبایلی زیرەک سنووردار بکرێت، چونکە ئەوەی بینرا سووکایەتیەکی گەورە بوو بە مێژووی سوپای عێراق."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەڕەکێکی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ

یەکەم قۆناخى سەرژمێریى عێراق خرایە کۆتایی تەممووز

گەمارۆسازی و ژمارەلێدانى خانوو، شوقە و باڵەخانەکان لە عێراق لە چوارچێوەى سەرژمێریى گشتیی دانیشتووان بۆ کۆتایی ئەم مانگە دواخرا. ئەو کارە بڕیار بوو 15ى تەممووز دەستپێبکات و دوو مانگ بخایێنێت