ئەمریکا کۆمپانیایەکی فڕۆکەوانی، پەرلەمانتارێک و چەند سەرکردەیەکی حیزبوڵڵا دەخاتە لیستی سزاکانییەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ژمارەیەک سەرکردەی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق، لەوانە پەرلەمانتارێکی حیزبەکە، کۆمپانیای فلای بەغدا، بەهاوکاریکردنی سوپای پاسداران تۆمەتبار دەکات و دەیانخاتە لیستی سزاکانی.
 
رۆژی 22ی کانوونی دووەمی 2024، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، سزای بەسەر سێ سەرکردەی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراقی و ژمارەیەک کۆمپانیا سەپاندووە کە هاوکاری داراییان بۆ کەتیبەکانی حیزبوڵڵا کۆکردووەتەوە و دابینکردووە.
 
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێت، "سزاکان پەیوەستن بەو هەڕەشانەی کە فەیلەقی قوودس و گرووپەکانی نزیکی بۆ سەر سەربازان و کارمەندانی ئەمریکا لە ناوچەکە دروستیدەکەن".
 
لە درێژەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "کەتیبەکانی حیزبوڵڵا لە 7ی تشرینی یەکەمی پارەوە کە هاوکاتە لەگەڵ هێرشەکانی چەکدارانی حەماس بۆ سەر باشووری ئیسرائیل، چەندین هێرشی درۆنی و مووشەکییان دژی سەربازان و کارمەندانی ئەمریکی لە عێراق و سووریا کردووە."
 
بڕایان نیلسن، جێگری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا بۆ کاروباری تیرۆر و دارایی هەواڵگری، دەڵێت، "ئێران و گرووپەکانی نزیکی هەوڵیانداوە لەرێگەی بازرگانیکردنەوە، ئابووری ناوچەکە پێشێل بکەن و هاوکاری دارایی بۆ رێکخستنی هێرشەکانیان دابین بکەن".
 
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەڵێت، "ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە تێکدانی چالاکییە نایاساییەکانی ئێران کە ئامانج لێی دروستکردنی ناسەقامگیرییە لە ناوچەکە".
 
سەبارەت بە سزادانی کۆمپانیای فلای بەغدا، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاندووە، "فلای بەغدا بۆ چەندین ساڵە پاڵپشتیی ئۆپەراسیۆنەکانی فەیلەقی قودس و گرووپەکانی نزیکی کردووە. فلای بەغدا چەک و تەقەمەنی و خەڵکی لەناوچەکە گواستووەتەوە بۆ فڕۆکەخانەی دیمەشق بۆ ئەندامانی فەیلەقی قوودس و گرووپەکانی نزیکیان لە عێراق و سووریا، لەنێویشیان سوپای سووریا و لوبنان بەتایبەت حیزبوڵڵای لوبنان". 
 
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات، فلای بەغدا چەنین چەکی جۆراوجۆری بۆ گرووپەکانی نزیک لە ئێران لە سووریا گواستووەتەوە لەوانەش "مووشەکی ئێرانی جۆری فاتیح، زولفەقار و زنجیرە مووشەکی فەجر، هەروەها کڵاشینکۆف و ئارپی جی و چەکی دیکە و نارنجۆک". 
 
هەروەها وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەڵێت، "کەتیبەکانی حیزبوڵڵا، فڕۆکەکانی فلای بەغدایان بەکارهێناوە بۆ گواستنەوەی چەکدار، چەک و پارە بۆ سووریا و لوبنان. سەرکردەکانی کەتیبەکانی حیزبوڵلا چەندین جار فڕۆکەی فلای بەغدایان بەکارهێناوە بۆ گواستنەوەی دراو و چەکی ئەمریکی بۆ لوبنان و چەکداریان لە عێراقەوە بۆ لوبنان گواستووەتەوە بۆ بەشداری لە مەشق و راهێنانی حیزبوڵڵای لوبنان".
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، لە تشرینی یەکەمی 2023دا، لە دوای هێرشەکانی چەکدارانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، فلای بەغدا بەشداربووە لە گواستنەوەی سەتان چەکداری عێراق لەنێویشیان ئەو چەکدارانەی سەر بەو گرووپانەن کە ناویان لە لیستی تیرۆری ئەمریکادایە لەوانەش عەسائیبی ئەهلی حەق، بۆ پاڵپشتیکردنی لە هێرشەکانی گرووپەکانی نزیک لە ئێران لەدژی ئیسرائیل. 
 
یەکێک لەوانەی لەلایەن ئەمریکاوە سزای بەسەردا سەپێندراوە، بەشیر عەبدولکازم عەلوان شابانی-یە، کە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای فلای بەغدایە و ئەمریکا رایگەیاندووە، شابانی راستەوخۆ دەستی هەبووە لە چالاکییەکانی فلای بەغدا. 
 
هەروەها حوسێن موئنس عوبێدی ناسراو بە حوسێن موئنس، کە ئەندامی پەرلەمانی عێراقە و بەرپرسێکی باڵای کەتیبەکانی حیزبوڵڵایە، خراوەتە لیستی سزدراوانەوە. ئەمریکا دەڵێت، "حوسێن بەشدار بووە لە پلانەکانی حیزبوڵڵا و کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری و رفاندنی ئەو کەسانەی کە کاریان لەگەڵ ئەمریکا کردووە یان پلانیان داڕشتووە بۆ ئەنجامدانی هێرشی تیرۆرستی بەهاوکاری فەیلەقی قوودسی سوپای پاسداران. 
 
ریاز عەلی حوسێن عەزاوی، پسپۆڕە لە بەکارهێنانی درۆن و ئەندازیارە لە حەشدی شەعبی یەکێکی دیکەیە لە سزادراوان. ئەمریکا دەڵێت عەزاوی بەشداربووە لە مەشقپێکردنی چەکدارانی عێراق لەسەر بەکارهێنانی چەندین جۆری چەک و لەساڵی 2021یش پەنجەمۆری عەزاوی لەسەر یەکێک لەو مووشەکانە دۆزراوەتەوە کە ئاراستەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق کراوە. 
 
یەکێکی دیکە لەوانەی ناوی خراوەتە لیستی سزادراوان ئەوقەت موحسین فەرەج حەمداوی، برای بچووکی ئەحمەد حەمداوی، سکرتێری گشتی کەتیبەکانی حیزبوڵڵایە، کە ئەحمەد حەمداوی ناوی لە لیستی سزادراوانی ئەمریکادایە، سەرپەرشتی چالاکییە ئابووری و بزنسەکانی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا کردووە و هاوکاری بۆ ئەو گرووپە کۆکردووەتەوە و سەرپەرشتیاری چالاکییەکانی سپیکردنەوەی پارەی کردووە.
 
 ئەوقەت خاوەنی کۆمپانیای گەشتیاری عێراقی ئەرز مەسەل کە ئۆفیسەکەی لە بەغدایە، ئەو کۆمپانیاکەی بەکارهێناوە بۆ کۆکردنەوەی داهات بۆ کەتیبەکانی حیزبوڵڵا و سپیکردنەوەی پارە. 
 
بەگوێرەی بڕیارەکەی حکومەتی ئەمریکا، سەرجەم ئەو کەسایەتی و کۆمپانیایانەی سزا دراون، هەر مووڵک و سامانێکیان لەنێو خاکی ئەمریکا یان پەیوەندیان بە هاووڵاتییەکی ئەمریکییەوە هەبێت، دەستی بەسەردا دەگیرێت. هەر کۆمپانیا یان دامەزراوەیەکیش پشکی ئەو کەسانەی سزایان بەسەردا سەپێندراوە تێدابێت، بلۆک دەکرێن. 
 
بەگوێرەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا- پێنتاگۆن، لە7ی تشرینی یەکەمی ساڵی 2023وە، گرووپەکانی نزیک لە ئێران کە خۆیان بە مووقاوەمەی ئیسلامی دەناسێنن زیاتر لە 140 جار هێرشیان کردووە سەر سەربازانی ئەمریکی لە عێراق و سووریا.