حیزبوڵڵای لوبنان: وەڵامدانەوەی تەقینەوەكەی بەغدا بە رەتكردنەوەی داگیركاریی ئەمریكا دەبێت

 
رووداو دیجیتاڵ

حیزبوڵڵای لوبنان دوو تەقینەوە خۆكوژییەكەی گۆڕەپانی تەیەرانی شاری بەغدای سەركۆنە كرد و دەڵێت، وەڵامدانەوەی تەقینەوەكە بە رەتكردنەوەی داگیركاریی ئەمریكا دەبێت.
 
لە راگەیێندراوێكدا حیزبوڵڵای لوبنان دەڵێت "دوای ماوەیەك ئارامی و سەقامگیری، دووبارە گەڕانەوەی تەقینەوەكان جێگای گومانە، بەتایبەتی دوای بەرزبوونەوەی داواكاریی میللـی و فەرمی بۆ كێشانەوەی هێزی داگیركاری ئەمریكی لە عێراق، كە لە بەرامبەردا واشنتن دەستەی حەشدی شەعبی و سەركردەكانی خستنە نێو لیستی سزاكانیەوە".
 
حیزبوڵڵای لوبنان ئاماژەی بەوەش كردووە "ئەو تاوانە دڕندەیە بە هۆشیاریی یەكێتیی عێراقییەكان و سووربوونیان لەسەر ئازادی، سەربەخۆیی، رەتكردنەوەی داگیركاریی ئەمریكی و درێژەدان بە هەوڵەكانیان بۆ راوەدوونانی گرووپە تیرۆریستییەكان لە وڵات دەبێت".
 
پێش نیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە 21ی کانوونی دووەمی 2021 دوو خۆكوژ لە گۆڕەپانی تەیەران لە ناوەڕاستی شاری بەغدا خۆیان تەقاندەوە و بەهۆیەوە دەیان هاووڵاتیی سڤیل كوژران و برینداربوون.
 
بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی عێراق، 32 كەس كوژراون و 110 كەسی دیكەش برینداربوون.