پارێزگاری نەجەف: دەرفەتی راستەقینە بۆ بەهێزکردنی هاوکاریی نێوان کورد و شیعە هەیە
رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری نەجەف دەڵێت، دەرفەتێکی راستەقینە بۆ بەهێزکردنی هاوکاری نێوان کورد و شیعە هەیە و هەردووکیان دەتوانن هەڵوێستی هاوبەش بنوێنن کە ببێتەهۆی سەقامگیریی عێراق.
یوسف گەناوی، پارێزگاری نەجەف لە دیداری دیالۆگی نەجەف – هەولێر 2، کە ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو ئەمڕۆ (21-12-2024) لە نەجەف رێکیخست، گوتارێکی پێشکێشکرد و گوتی، "دیدارەکە لە کاتێکی گرنگی عێراق و ناوچەکەدایە. هەردوولا بابەتی سەرەکی تاوتوێ دەکەن، کە کاریگەری بۆ سەر ئێستا و ئاییندەی هاوبەشمان دەبێت."
یوسف گەناوی گوتی، "ئەمە هەر تەنیا دیدارێکی هزری نییە، بەڵکو دەرفەت و سەکۆیەکی گرنگی پەیوەندی و هاوکارییە بۆ داڕشتنی نەخشەی ئەو رێگەیەی کە وڵاتەکەمان لەسەری دەڕوات، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ئاڵنگارییە ئاڵۆزانەی رووبەڕووی هەموومان دەبنەوە."
گەناوی رایگەیاند، پەیوەندیی نێوان کورد و شیعە "پڕە لە وانە و هەڵوێست. هەردوولا هەوڵی هاوپەیمانییەکی ستراتیژییان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییە هاوبەشەکان دا"، ئەوەش دوای رووخانی دەسەڵاتی بەعس لە ساڵی 2003.
پارێزگاری نەجەف رایگەیاند، "بەبێ ئاماژەدان بە رۆڵی مەرجەعیەتی ئایینی پیرۆز لە نەجەف، ناکرێت باسی پەیوەندی نێوان کورد و شیعە بکرێت، کە مەرجەعییەتێکی رووحانی و سیاسیی گرنگە لە عێراق و جیهان".
پارێزگاری نەجەف ئەو پەیوەندییەی گەڕاندەوە بۆ فەتواکەی سەید موحسین حەکیم لە ساڵی 1965 کە شەڕی کوردی حەرام کرد، "ئەوەش هاوشانی و هاوسۆزیی نیشتمانی لەنێوان رۆڵەکانی یەک نیشتمان بەهێزکرد و، بنەمای پاراستنی پێکهاتەکانی عێراقی فەراهەم کرد و تاوەکو ئێستاش دەنگدانەوەی ماوە."
گەناوی رایگەیاند، ئەوە بەردەوامیی هەبووە "تاوەکو دەگاتە هەڵوێستەکانی مەرجەعییەتی باڵای ئایینی بە رێبەرایەتی پێشەوا سەیید سیستانی"؛ ئاماژەی بەوەشکرد "پەیوەندیی نێوان گەلی کورد و مەرجەعییەتی ئایینی، پەیوەندییەکی رێزگرتنی دوولایەنەیە."
پارێزگاری نەجەف باسی لەوە کرد، "کورد پێشبینی دەکات مەرجەعییەت پشتیوانی لە بەدیهێنانی مافە رەواکانی لە چوارچێوەی عێراقێکی یەکگرتوودا بکات، لەکاتێکدا مەرجەعییەتی ئایینی هیوادارە کورد پابەندبێت بە یەکێتیی عێراق".
بەگوتەی پارێزگاری نەجەف، "سەقامگیریی پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا پێویستی بە تێپەڕاندنی دابەشبوونە ناوخۆییەکان و بەهێزکردنی توانای دیالۆگ و لێکتێگەیشتنە."
لەبارەی دۆخی دەرەوە، گەناوی گوتی، عێراق لە جەرگەی گۆڕانکارییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانە، ئەوەش ئاڵۆزیی زیاتر دروست دەکات لە دیاریکردنی سیاسەتی نیشتمانی و هەرێمی دا، لەکاتێکدا گۆڕانکاریی جیۆستراتیژیی گەورە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەیە.
پارێزگاری نەجەف رای وابوو، "لەگەڵ هەموو ئەو ئاڵنگارییە، دەرفەتێکی راستەقینەش هەیە بۆ بەهێزکردنی هاوکاریی نێوان کورد و شیعە لەوانە لە بوارەکانی ئابووری و سیاسی، هەردووکیان دەتوانن هەڵوێستی هاوبەش بنوێنن کە ببێتەهۆی سەقامگیریی عێراق و لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیشدا بەهێزی بکات."
ئەمە، دووەمین دیداری دیالۆگی نەجەف – هەولێر بوو. دیداری یەکەم لە ساڵی 2019 لە هەولێر رێکخرا.