رۆڵگێڕی "یوسفی پەیامبەر" دەچێتە ئامرلی

رووداو دیجیتاڵ
 
وابڕیارە رەمەزانی 2024، مستەفا زەمانی کە رۆڵی پەیامبەر یوسفی لە درامای "یوسفی راستگۆ" گێڕاوە، بۆ بەشداریکردن لە درامایەکدا بچێتە قەزای ئامرلی.
 
دراماکە لەبارەی قەزای ئامرلیە لە پارێزگای سەلاحەدین لە عێراق. چیرۆکی دراماکە ئەوەیە کە چۆن ئەو قەزایە لە ساڵی 2014، بۆ ماوەی 80 رۆژ لەژێر گەمارۆی چەکدارانی داعش بوو.
 
کارەکانی وێنەگرتن و مۆنتاژی بەشێکی دیکە لە درامای "ئامرلی" بەردەوامە کە لەلایەن دامەزراوەی ئەوجی ئێرانەوە بەرهەمدەهێندرێت و بڕیارە مانگی رەمەزانی ساڵی 2024 لە ژمارەیەک لە کەناڵە ئاسمانییەکانی عێراقی و ئێرانی و عەرەبی پەخش بکرێت.
 
درامای ئامرلی باسی دۆخی مرۆیی و کۆمەڵایەتیی سەردەمی شەڕی داعش و گەمارۆدانی ئەو قەزایەی پارێزگای سەلاحەدین لە عێراق دەکات کە لە ماوەی نێوان 11ـی حوزەیرانی 2014 تاوەکو 31ـی ئابی 2014 لەلایەن چەکدارانی داعشەوە گەمارۆ درابوو و بە یەکێک لە قارەمانێتییەکانی خەڵکەکەی هەژماردەکرێت و بە نموونە دەهێندرێتەوە.
 
مستەفا زەمانی، ئەکتەری سەرەکیی درامای" یوسفی راستگۆ" کە باسی ژیانی پەیامبەر یوسف دەکات پاڵەوانی دراماکە دەبێت کە لە نووسینی جەعفەر تایە و دەرهێنانی ئەحمەد ئیبراهیم ئەحمەدە، هەروەها کازم قوڕەیشی و فەلاح ئیبراهیم و مازن محەممەد و نەریمان ساڵحی و مورتەزا حەنیس رۆڵی تێدا دەگێڕن.
 
مستەفا زەمانی، لەبارەی دراماکەوە دەڵێت، دراماکە باسی رووداوەکانی شارەکە و تاوانەکانی داعش لەسەردەمی گەمارۆدانی شارەکە دەکات، سەرباری ئەوەی ژیان لە قورئاندا هاتووە و مرۆڤ دروستکراوە بۆ ئەوەی بژیێت، بەڵام خەڵکانێک هەن دەیانەوێت ئەو ژیانە رابگرن".
 
دەشڵێت، "هەوڵدەدەم ببێتە یەکێک لە کارە دەگمەنەکان، چونکە بۆ یەکەمجار رۆڵی پەیامبەر یوسفم گێڕا و ناوبانگم پەیدا کرد، ئەوەش کاریگەریی لەسەر هەڵبژاردنی کارەکانم دەبێت، هەرچەندە کارەکان ناگەن بە درامای یوسفی راستگۆ، بەڵام ئەوپەڕی هەوڵدەدەم وێنەی دراماکە نەشێوێت."
 
بڕیارە هەروەها ژمارەیەک هونەرمەندی عێراقی و سووری رۆڵ لەو درامایەدا بگێڕن.