رووداو دیجیتاڵ
لە نەینەوا و دیالە 100%، سەلاحەدین 99% و ئەنبار 80%ى سەرژمێرى تەواوبووە و بەتێکڕاى عێراق رێژەکە گەیشتووەتە 90%.
پارێزگاى دیالە لە پێشینەى ئەو پارێزگایانەى عیراق بوو کە راگەیاند، 100%ى سەرژمێرى کردووە کە تۆمارکردنى خێزانەکانە.
عەلى زەمەد، قایمقامى مەندەلى لە سنوورى پارێزگاى دیالە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: 100%ى سەرژمێرى لە قەزاکە کۆتایی هاتووە و زیاتر لە 60 هەزار کەس کارتى نیشەجێبوونیان لە مەندەلى هەیە.
عەبدولقادر دەخیل، پارێزگارى نەینەوا و سەرۆکى لیژنەى باڵاى سەرژمێریى گشتیى دانیشتووان لەو پارێزگایە رایگەیاند: 100%ى کارەکانى سەرژمێرى تەواو بوون و تەنیا ناردنى زانیارییەکان ماون، ئەوە لەکاتێکدایە بەهۆى درەنگ کەوتنى سەرژمێرى لە چەند لە ناوچەیەکى کوردستانیی نەینەوا ئەو هەنگاوە تەواو نەبووە.
بۆ یەکەمجار لە دواى 37 ساڵ سەرژمێریى گشتیى دانیشتووان لە عێراق و هەرێمى کوردستان پێکەوە دەکرێت، رۆژانى 20 و 21ـى تشرینى دووەم بۆ تۆمارکردنى خێزانەکانە.
کاوە شێخانى، راوێژکارى پارێزگارى سەلاحەدین بۆ کاروبارى حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: 99%ی سەرژمێرى لەو پارێزگایە تەواو بووە.
کاوە شێخانى گوتى: "ئەو خێزانانەى لە رۆژى یەکەمى سەرژمێرى لە ماڵ نەبوون، تیمەکانمان بۆ ناردووەنەتەوە تاوەکو تۆماریان بکەن".
رۆژانى 20 و 21ى تشرینى دووەم بۆ تۆمارکردنى خێزانەکانە، قۆناخى دواتر وەرگرتنى وردەکاریى زانیارییەکانە.
سەعد محەممەدى، سەرۆکى لیژنەى ئەمنیی ئەنجوومەنى پارێزگاى ئەنبار بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: 80%ى سەرژمێرى ئەنبار تەواو بووە و چاوەڕوان دەکرێت تاوەکو کاژێر 12ى شەو بگاتە 100%.
بە گوێرەى ئەو زانیارییانەى رووداو لە دەزگاى ناوەندى ئامارى عێراقەوە دەستى کەوتووە، تاوەکو کاژێر 6:00ى ئێوارە رێژەى تەواوکردنى سەرژمێرى لە سەرانسەرى عێراق و هەرێمى کوردستان گەیشتووەتە زیاتر 90%.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ