ڤیدیۆ.. بەئامانجگرتنی ئۆتۆمبێلێکی گرووپە چەکدارەکان لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە
رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، بەئامانجگرتنی ئۆتۆمبێلێکی جۆری تۆیۆتا میگزەمینی سەر بە گرووپە چەکدارە شیعییەکان کە خۆیان بە "مقاوەمەی ئیسلامیی عێراق" ناساندووە، لە نزیک گرتووخانەی ئەبوغرێب، خەوی لە چاوی خەڵکی ناوچەکەدا زڕاند.
بەگوتەی شایەتحاڵەکان، دەنگێکی بەرزی هەبووە و بۆ ماوەیەکیش دەنگی تەقەی زۆر بیستراوە.
دوای گەیشتنی هێزە ئەمنییەکان دەرکەوتووە، ئۆتۆمبێلەکە جگە لەوەی چەندین جۆر چەکی هەڵگرتووە، سێ چەکداری گرووپە چەکدارە شیعییەکان کە خۆیان "گروپی مقاوەمەی ئیسلامیشی" تێدا بووە، یەکێکیان کوژراوە و دوانیان بریندارن.
شایەتحاڵێک دەڵێت، "لەگەڵ دەنگی لێدانەکە بەخەبەرهاتین، باوکی منداڵەکان گوتی، تەقینەوەکە کاژێر 04:15 خولەک بوو، دەنگەکە زۆر بەهێز بوو".
"مقاوەمەی ئیسلامیی عێراق" دەڵێت، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئۆتۆمبێل و چەکدارەکانی کردووەتە ئامانج. هەروەها سوپای ئەمریکا بە ئەنجامدەری هێرشەکە تۆمەتبار دەکەن.
سعود ساعدی، پەرلەمانتاری بزوتنەوەی حقوق دەڵێت، "سەربازانی ئەمریکا لە عێراق هیچ شەرعیەتێکیان نییە، بۆیە شەهیدبوونی عێراقی واتای ئەوەیە عێراقیەکان هاوبەشن لەو شەڕەی لەو ناوچەیە دەکرێت بەرامبەر برایانمان لە فەلەستین و کەرتی غەززە."
کوژراوەکە "چەکداری مقاوەمەی ئیسلامی عێراقە"، ناوی رەزا عەتیەیە و تەمەنی 33 ساڵە. ئەو خێزاندار بووە و کوڕێک و سێ کچی هەبووە.
لەلایەکی دیکە، فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا رایگەیاند، هێرشکراوەتە سەر بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد و لە ئەنجامدا هەشت سەرباز و کارمەندیی ئەمریکی برینداربوون؛ ئاماژە بەوەش دەکات، لە وەڵامی ئەو هێرشەدا سوپای ئەمریکا هێرشیکردووەتە سەر ئۆتۆمبێلێکی "میلیشیاکانی پاڵپشتیکراو لە لایەن ئێران"ـەوە و ژمارەیەک چەکداری "ئەو میلیشیایانە."
رۆژی سێشەممە، 21-11-2023، فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا- سێنتکۆم بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، شەوی رابردوو "میلیشیاکانی پاڵپشتیکراو لە لایەن ئێران"ـەوە بە مووشەکی بالیستی نزیک مەودا هێرشیان کردە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنباری خوارووی عێراق و لە ئەنجامدا 8 کەس برینداربوون و زیانێکی کەمیش بە بنکەکە کەوت.
وەک سێنتکۆم دەڵێت، دوای ئەو هێرشە، فڕۆکەیەکی جەنگی لە جۆری ئەی سی 130 هێرشی کردە سەر ئۆتۆمبێلێکی "میلیشیا پاڵپشتیکراوەکان لە لایەن ئێران" و "ژمارەیەک میلیشیا"ـوە کە لە هێرشەکەدا بەشداربوون.
فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات، ئەو هێرشەی ئەنجامیان داوە لە چوارچێوەی بەرگری لەخۆکردن بووە و لە ئەنجامیشدا ژمارەیەک ئەندامی "دووژمن بوونەتە قوربانی."