ڤیان سەبری لەبارەی بۆردوومانەکانی ئێران: پێویستە حکومەتی عێراق ئەو کەیسە بباتە نەتەوە یەکگرتووەکان


رووداو دیجیتاڵ 

شەوی رابردوو ئێران جارێکی دیکە بە درۆنی بۆمبڕێژکراو و مووشەکی دوورهاوێژ هێرشیکردە سەر بنکە و بارەگای حیزبەکانی رۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان؛ سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، پێویستە حکومەتی عێراق ئەو کەیسە بباتە نەتەوە یەکگرتووەکان. 
 
رۆژی دووشەممە 21-11-2022، د. ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق میوانی بوولتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداوبوو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکەشی دەکات و رایگەیاند: "دوای هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی شەوی رابردووی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان وەکو فراکسیۆنی پارتی داوای کۆبوونەوەی داخراوی پەرلەمانمان کرد لەسەر ئەو بابەتە." 
 
د. ڤیان سەبری گوتی: "نامانەوێ لە ئەنجامی کۆبوونەوەکە تەنیا راگەیێندراوێک دەربکرێت و هێرشەکە شەرمەزار بکرێت، ئەوەی کە تائێستاش بەلای ئێمەوە جێی سەرنجە، حکومەتی عێراق و سەرۆکایەتیی کۆمار تەنانەت راگەیێندراوێکیشیان دەرنەکردووە." 
 
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق پێیوایە، پێویستە حکومەتی عێراق ئەو کەیسە بباتە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەوەی ئەو رێکخراوە پشتیوانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بکات و ئاسمانەکەی بپارێزێت.
 
د. ڤیان سەبری گوتی: "ئێمە داوامان لە ئێران ئەوەیە، کێشەیەکی لەناوخۆیدا هەیە با نەگوازێتەوە نێو عێراق و هەرێمی کوردستان، ئەو هێرشە درۆنی و مووشەکییە هیچ لۆژیکێکی لەپشت نییە و ئەگەریش کێشەیەک هەبێت لەو رێگەیەوە چارەسەر نابێت." 
 
بڕیارە سبەی پەرلەمانی عێراق لەبارەی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە و د. ڤیان سەبری دەڵێت: "ئێستا سەرقاڵی ئامادەکردنی پڕۆژەیاسایەکین بۆ رێگری لە هێرشی مووشەکی بۆ سەر خاک و سەروەریی عێراق، لەبەرئەوەی ئێران ماوەی سێ مانگە بە هەر بیانوویەک ویستبێتی، بە مووشەک هێرشیکردووە." 
 
ئەمڕۆ ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هۆکاری هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی وڵاتەکەی بۆ سەر هەرێمی کوردستان بەستەوە بە بوونی حیزبەکانی رۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان؛ سەرۆکی فراکسیۆنی پارتیش دەڵێت: "ئەگەر مەبەستی ئێران بوونی حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانە، ئەوان لە هەشتاکانەوە لێرەن، بۆ ئێستا ئەو بابەتە دەوروژێنێت، کێشەکە خۆپێشاندانە و ئێران هەوڵدەدات خۆی لەو کێشە ناوخۆییانەی بدزێتەوە و سەرنجەکان بخاتە سەر عێراق و هەرێمی کوردستان."