نرخی ئارد، برنج و شەکر لە بازاڕەکانی عێراق بەرزبووەتەوە

21-11-2021
هەڵکەوت عەزیز
هەڵکەوت عەزیز
دووکانێکی تایبەت بە پێداویستییە خۆراکییەکان لە بەغدا. وێنە: رووداو
دووکانێکی تایبەت بە پێداویستییە خۆراکییەکان لە بەغدا. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو - بەغدا

نرخی ئارد، برنج و چەند خۆراکێکی سەرەکیی دیکە بە جۆرێک بەرزبوونەتەوە، خەڵک ھاواریان لێ ھەڵساوە. فەردەیەک ئارد لە 30 هەزار دینارەوە بووەتە 45 هەزار دینار و برنج هەر فەردەیەکی لە 45 هەزار دینارەوە بووەتە 50 هەزار دینار، شەکرێش لە 35 ھەزار دینارەوە گەیشتووەتە 45 ھەزار دینار.
 
بەرزبوونەوەی نرخی خۆراکەکان لە کاتێکدایە کە رێژەی ھەژاری لە عێراق گەیشتووەتە 31% و بێکارییش بووەتە 40%.
 
حەسەن فلەیح، کرێکار دەڵێت، "رۆژانە 5000 دینارم دەستدەکەوێت، لە خانووی کرێشدام بە 150 ھەزار دینار، مۆلیدە و شتی دیکەش پەنجا ھەزار، ئەوانیش ھەر خەریکی دزینی ملیاران دینارن، ئێمەش ژیانمان وێران بووە".
 
حکومەتی عێراق لیژنەیەکی بۆ بەدواداچوونی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراکەکان پێکھێناوە، بەڵام ھێشتا بۆیان روون نەبووەتەوە ھۆکارەکەی چییە و لە بەدواداوچوون بەردەوامن. وەزارەتی بازرگانییش تەنیا لەسەر نرخی ئارد ھاتووەتە دەنگ و دەڵێت، ھۆکارەکەی ئەوەیە نانەواخانە و سەمونخانەکان گرنگی بە کڕینی ئاردی ھاوردەکراو دەدەن.
 
حەیدەر محەممەد، دووکاندار دەڵێت، "دەڵێن بەرزبوونەوەی نرخەکان جیهانییە، خەڵکیش دەڵێن نەخێر ھۆکاری بەرزبوونەوەی دۆلارە، کەس نازانێت ھۆکارەکەی چییە، پێش چوار پێنج رۆژێک حکومەت ھاتنە سەر شەقامەکان تاوەکو بزانن ھۆکار چییە، بینییان و چاودێریی دۆخەکەیان کرد، نەگەیشتنە ھیچ شتێک، نرخەکان بە شێوەیەکی گشتی ھەموویان بەرزبوونەتەوە".
 
ئەبو عەلی، بازرگان دەڵێت، "ھیچ بازرگانێک نابینی لێرە بڵێت قازانجم کردووە، ئەمڕۆ ئارد دەفرۆشین بە 40 هەزار دینار، سبەی دەیکڕین بە 42 هەزار دینار، دەیفرۆشین بە 42 هەزار دینار و بە 44 هەزار دینار دەیکڕینەوە، ئەمە کار نییە دەیکەین".
 
پەیامنێری رووداو لە موزهر محەممەد ساڵح، راوێژکاری ئابووریی سەرۆکوەزیرانی عێراقی پرسی، "ھۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک چییە؟" ئەویش ھەموو شتێکی بەستەوە بە جێبەجێ نەکردنی یاسای بودجە و گوتی، "ھیچ چارەسەرێکی دیکە نییە جگە لەوەی دەبێت سەرجەم بڕگەکانی بودجە جێبەجێ بکرێن، پەسندکردنی بودجە و پاشان جێبەجێکردنی وەکو خۆی، چارەسەری کێشەکان دەکات، چونکە ئەوە دەبێتە ھۆکاری سەقامگیریی ئابووری".
 
لەدوای دابەزینی بەھای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی، ئیدی بازاڕ ناسەقامگیر بووە، خۆراک و کاڵا و شتومەک رۆژ لەدوای رۆژ نرخیان جیاوازتر و بەرزتر دەبێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق

فایەق زێدان: سێجار پۆستی سەرۆکوەزیرانم رەتکردووەتەوە و ئێستاش رەتیدەکەمەوە

سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەڵێت، تاوەکو ئێستا سێ جار پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراقی رەتکردووەتەوە و ئێستاش رەتیدەکاتەوە. ئاماژە بەوەش دەکات، سەرکردەکانی کورد ویستی جیاکردنەوەی هەرێمی کوردستانیان لە عێراق نییە.