هاووڵاتییانی ناڕازیی حەمدانیە هەڵدەکوتنە سەر ماڵی خاوەن هۆڵەکە

21-10-2023
نەهرۆ محەممەد
هاووڵاتییانی ناڕازیی حەمدانیە
هاووڵاتییانی ناڕازیی حەمدانیە
نیشانەکردن ئاگرکەوتنەوە لە حەمدانییە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

درەنگانی شەوی رابردوو، کەسوکاری قوربانییانی رووداوەکەی قەزای حەمدانیە لە سنووری پارێزگای نەینەوا، چوونە سەر ماڵی خاوەنی هۆڵی هەیسەم لە قەزاکە. 
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو کە لە بەرپرسێکی باڵای پارێزگای نەینەواوە وەریگرتووە، نزیکەی کاژێر 11:00ـی شەوی رابردوو، کەسوکاری قوربانییانی رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی بووک گواستنەوەکەی هۆڵی هەیسەم لە حەمدانیە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی خاوەنی هۆڵی هەیسەم و خانوو و ئۆتۆمبێلەکەیان سووتاندووە. دواتر تیمەکانی بەرگریی شارستانی گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و ئاگرەکەیان کوژاندووەتەوە. 
 
کاژێر 10:30ـی شەوی 26ـی ئەیلوولی 2023، بنمیچی هۆڵێکی بۆنەکانی قەزای حەمدانیەی سەر بە پارێزگای نەینەوا بەناوی هۆڵی هەیسەم گڕی گرت. لە هۆڵەکەدا نزیکەی 700 کەس هەبوون، لە ئەنجامی رووداوەکەشدا زیاتر لە 120 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 150 کەسیش برینداربوون. 
 
ژمارەی دانیشتووانی حەمدانیە نزیکەی 120 هەزار کەسە و زۆربەیان کریستیانن. لە دوای هێرشی داعش بۆ سەر قەزاکە لە ساڵی 2014، زۆربەی دانیشتووانەکەی ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون.
 
رۆژی 1-10-2023 لیژنەی لێکۆڵێنەوەی حکومەتی عێراق ئەنجامی لێکۆڵینەوەی لە رووداوەکە بۆ دەزگاکانی راگەیاندن ئاشکراکرد. لیوا سەعد فالح کەسار دلێمی، سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "یارییە ئاگرینەکان هۆکاری سەرەکیی ئاگرکەوتنەوەکە بوون کە لە هۆڵەکەدا چوار دانە هەبوون و هەر یەکێکیان چوار مەتر ئاگرەکەیان بەرزبووەتەوە و بنمیچی هۆڵەکەش نزم بووە. جگە لەوە، بوونی کحول کە خێرا دەسووتێت و بوونی کۆگایەکی ئەو مادانە و نەبوونی دەرگەی فریاگوزاریی گونجاو، هۆکاری دیکەی رووداوەکە بوون."
 
هەمان رۆژ مار بندکتۆس یۆنان حەنۆ، سەرۆکی ئەسقوفەکانی ئەبرەشییەی سریانی کاسۆلیکیی موسڵ، ئەنجامی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە ئاگرکەوتنەوەکەی هۆڵەکەی قەزای حەمدانیەی رەتکردەوە و داوایکرد لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بکرێتەوە.
 
ئەو پیاوە ئایینییە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە حەمدانیە، کە پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداویشی لێ بوو، رایگەیاند، "بابەتی یەکەم و سەرەکی کە ئێمە بینیمان ئەنجامەکان بێ ئومێدی کردین، بەهیچ شێوەیەک جێی رەزامەندیی نەبوون، چونکە ئەم ئەنجامانە ئێمە پێش دوو سێ رۆژ لەمەوپێش لە گەلەوە گوێمان لێبوو."
 
سەرۆکی ئەسقوفەکانی ئەبرەشییەی سریانی کاسۆلیکیی موسڵ گوتی، "ئایا سەندەویچ پەنەڵ بەو خێراییە دەسووتێت؟ ئومێد دەکەین لێکۆڵینەوەیەکی دیکە بکرێت و هەمان ئەو سەندەویچ پەنەڵە بهێنرێت و لەبەردەم گەل بسووتێندرێت بۆ ئەوەی ئەو خێراییە ببیندرێت کە تێیدایە. شتی نالۆژێکی لەو لێکۆڵینەوە هەیە کە سەرمان لێی سوڕما."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە