رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ نزیکبوونەوەی دەنگدان لەسەر کابینەکەی محەممەد شیاع سوودانی، ناکۆکییەکان زیاتر دەردەکەون و کۆبوونەوەکان چڕتر دەبنەوە.
هەرچەندە بەگوێرەی راگەیێندراوی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، محەممەد شیاع سوودانی لەلایەن چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە سەرپشک کراوە بۆ دەستنیشانکردنی وەزیرەکانی لەنێو ئەو بەربژێرانەی لەلایەنەکانی داوا کردووە، بەڵام گوشارەکانی سەری لەزیادبووندان.
هاوپەیمانیی فەتح: هێشتا وەزیرەکان یەکلایی نەبوونەتەوە
رۆژی هەینی، 21-10-2022، هومام تەمیمی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە هاوپەیمانیی فەتح کە بەشێکی سەرەکیی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگییە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک بۆ بوون بە وەزیر لەنێو لایەنە شیعەکان یان کورد و سوننە یەکلانەبووەتەوە. ژمارەیەک بەربژێر بۆ ژمارەیەک وەزارەت خراونەتەڕوو، بەڵام بڕیارە تاوەکو رۆژی دووشەممە ئەو بەربژێرانە یەکلابکرێنەوە و هەر وەزارەتێک کەسێکی بە وەزیر بۆ دەستنیشانبکرێت."
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، هێزەکانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەتایبەتی دەوڵەتی یاسا و فەتح ناکۆکییان لەسەر پۆستەکانی وەزارەتی ناوخۆ و نەوت هەیە. هومام تەمیمی لەوبارەوە گوتی: "دەکرێت بۆچوونی جیاواز لەبارەی ئەو کەسانەوە هەبێت کە دەبنە وەزیر لە حکومەتی داهاتوودا، بەڵام جیاوازییەکە نەگەیشتووەتە ناکۆکیی تووند؛ لەگەڵ ئەوەشدا پێشبینیی دەکرێت رۆژی سێشەممە محەممەد شیاع سوودانی کابینەکەی پێشکێشی پەرلەمان بکات و ئاساییە ئەگەر چەند وەزارەتێکی کەمی یەکلانەکاتەوە و بکەونە کاتێکی دیکە."
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، شەوی رابردوو لە ماڵی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا کۆبوونەوەیەک بۆ تاوتوێکردنی ناکۆکییەکانی نێوان لایەنەکانی چوارچێوەکە لەسەر پۆستەکانی وەزارەتەکانی ناوخۆ و نەوت کراوە؛ جگە لەوەش یەکلاکردنەوەی بەربژێری هەندێک لە وەزارەتەکان تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بووە.
سەروەری: لە 48 کاژێری داهاتوودا وەزیرەکان دەستنیشان دەکەین
نەهلە فەهداوی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە هاوپەیمانیی سەرەوەری رۆژی هەینی، 21-10-2022 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هێشتا بەتەواوەتی لەنێو لایەنەکانی هاوپەیمانیی سەرەوەری و سوننەکان بەگشتی پۆستە وەزارییەکان یەکلانەکراونەتەوە".
نەهلە فەهداوی گوتی: "ئێمە پێداگری لەسەر دەستنیشانکردنی وەزیری لێهاتوو دەکەین. دەمانەوێت ئەو کەسانەی بۆ پۆستە وەزارییەکان دیارییان دەکەین تۆمەتی گەندەڵییان نەدرابێتە پاڵ. هەر وەزیرێکیش کێشەی هەبێت دەنگی پێنادەین. ئێمە رەنگە 6 بۆ 7 وەزارەتمان بەربکەوێت و لە 48 کاژێری داهاتوویشدا بەربژێرەکانی خۆمان یەکلادەکەینەوە."
سەبارەت بە دیاریکردنی بەربژێرەکان، پەرلەمانتارەکەی هاوپەیمانیی سەروەری گوتی: "بەربژێرەکان دەبێت لەسەر بنچینەیەکی باش دەستنیشان بکرێن؛ نابێت کەسانێک بن لەسەر بنەمای نزیکایەتی لە سەرکردەکانی هاوپەیمانییەکەمانەوە دابنرێن. دەبێت ئەو کەسانە شارەزا بن، چونکە حکومەتی داهاتوو حکومەتی خزمەتگوزارییەکان دەبێت و دەبێت سوود لە نرخی نەوت و بوونی پارەی یەدەگ و داهاتی زۆر وەربگیرێت و دەست بە هەڵمەتی گەورەی ئاوەدانکردنەوە بکرێت."
یەکێتی و پارتی لەسەر دابەشکردنی وەزارەتەکان رێکنەکەوتوون
رۆژی هەینی، 21-10-2022، سەباح حەبیب، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی پشکی کوردەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کورد بە چوار وەزارەت بەشداری لە کابینەی محەممەد شیاع سوودانی دەکات. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان داوای دوو وەزارەتی کردووە، ئەوەش بە پشتبەستن بە بەرکەوتەی هەڵبژاردنی؛ پارتیش دوو وەزارەتی دەبێت."
ئەو پەرلەمانتارە گوتی: "تا رادەیەکی باش لێکتێگەیشتن لەبارەی پۆستە وەزارییەکانەوە لەنێو هێزە کوردییەکان هەیە و گفتوگۆش بەردەوامە، بەڵام بۆ رێککەوتن هێشتا تەواو دیار نییە؛ ئەوەی روونە نێو ماڵی شیعەیە کە لەسەر وەزارەتەکان و چۆنێتیی دابەشکردنیان کێشە هەیە."
ئەوە لە کاتێكدایە پارتی کە خاوەنی 31 کورسیی پەرلەمانە و پێیوایە مافی خۆیەتی سێ پۆستی وەزاری هەبێت.
رۆژی شەممە، 15-10-2022 شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پشکی کورد لە کابینەی نوێی حکومەتی عێراق چوار وەزارەتە کە سێیان بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان دەبن.
لە کابینەی مستەفا کازمیدا کورد سێ پۆستی وەزاری هەیە کە بریتین لە فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆکوەزیران، نازەنین محەممەد وسوو، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و شارەوانییەکان بۆ پارتی و حاکم سالار عەبدولستار، وەزیری داد لە پشکی یەکێتی.
دابەشکردنی وەزارەتەکان لەنێوان هێزە سیاسییەکان
سەرچاوەکانی نێو چوارچێوەى هاوئاهەنگی ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە حکومەتەکەی محەممەد شیاع سوودانی 23 بۆ 24 وەزارەتی دەبێت. بەپێی نەخشەی سەرەتایی دابەشکاریی پۆستە وەزارییەکان، نیوەی ئەو ژمارەیە بەر شیعە دەکەوێت کە ژمارەی کورسییەکانیان نزیکەی 190 کورسی دەبێت، واتە 12 وەزارەت، لەنێویاندا سێ وەزارەتی سیادی کە وەزارەتەکانی نەوت و ناوخۆی تێدا دەبێت؛ کورد چوار وەزارەتی بەردەوکەوێت کە یەکێکیان سیادی دەبێت و ئەویش وەزارەتی دارایی یان دەرەوە دەبێت؛ سوننەکانیش 6 بۆ 7 وەزارەتیان دەبێت و یەکێکیان سیادی دەبێت کە ئەگەری زۆرە وەزارەتی بەرگری بێت.
نەخشەی دابەشبوونی پشکی لایەنەکان لە کابینەی نوێی حکومەتی عێراق:
چوارچێوەی هاوئاهەنگی:
12 وەزارەت:
- چوار وەزارەت بۆ دەوڵەتی یاسا
- چوار وەزارەت بۆ فەتح
- چوار وەزارەت بۆ هێزەکانی دیکە
ئەو وەزارەتانەشی پێشبینی دەکرێت بەر ئەم لایەنانە بکەوێت ئەمانەن:
- ناوخۆ
- نەوت
- دارایی
- کارەبا
- تەندرووستی
- خوێندنی باڵا
- کشتوکاڵ
- گواستنەوە
- کار و کاروباری کۆمەڵایەتی
- وەرزش و لاوان
- سەرچاوەکانی ئاو
- گەیاندن
کورد: چوار وەزارەت
ئەو وەزارەتانەشی پێشبینی دەکرێت بەر کورد بکەوێت ئەمانەن:
- دەرەوە یان دارایی
- ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن
- داد
- ژینگە
سوننەکان شەش وەزارەت:
- چوار وەزارەت بۆ هاوپەیمانیی سەروەریی.
- دوو وەزارەت بۆ هاوپەیمانیی عەزم.
ئەو وەزارەتانەشی پێشبینی دەکرێت بەر ئەم لایەنانە بکەوێت ئەمانەن:
- بەرگری
- پلاندادنان
- پەروەردە
- پیشەسازیی و کانزاکان
- بازرگانی
- رۆشنبیری
هەروەها پێکهاتەکانی کریستیان و تورکمان ئەگەری هەیە وەزارەتیان پێدرێت:
- کریستیان: کۆچ و کۆچبەران
- تورکمان: وەزارەتێک "هێشتا دیار نییە"
سەربەخۆکانی نزیک لە چوارچێوە، ئەگەری هەیە وەزارەتێکیان پێبدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ