لە قوتابخانەیەکی کەربەلا دایکی قوتابییەک بە پاڵ دەکرێتە دەرەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتى پەروەردەى عێراق ئەندامێکى دەستەى دامەزرێنەرى قوتابخانەیەکى ئەهلى کەربەلا لە کارەکەى دوورخستەوە و قوتابخانەکەشی خستە ژێر سەرپەرشتیى خۆیەوە، تاوەکو لێکۆڵینەوەکان لەبارەى مامەڵەى ئەو کەسە تەواو دەبن، کە دایکى یەکێک لە قوتابییەکان بەپاڵ لە قوتابخانەکە دەکاتە دەرەوە.
 
رۆژی 20ى تشرینى یەکەمى 2022، عەلى دلێمى، وەزیرى پەروەردەى عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڕیاری دوورخستنەوەى ئەندامێکى دەستەى دامەزرێنەرى قوتابخانەى موستەقبەلى ئەهلی لە پارێزگاى کەربەلا دا و ئەو قوتابخانەیەى خستە ژێر سەرپەرشتیى وەزارەتەکەیەوە تاوەکو کۆتاییهاتنى لێکۆڵینەوە لەبارەى پاڵنانی دایکی قوتابییەک.
 
ئەو هەنگاوەى وەزارەتى پەروەردە لەدواى ئەوە بوو کە ڤیدیۆیەک بڵاوبووە و تێیدا کەسێک لە قوتابخانەى موستەقبەل بەپاڵ دایکى یەکێک لە قوتابییەکان لە خوێندنگەکە دەکاتە دەرەوە. 
 
وەزیرى پەروەردەى عێراق دەڵێت: "ئەو مامەڵەیەى ئەندامەکەى دەستەى دامەزرێنەرى قوتابخانەى موستەقبەل لەگەڵ بەخێوکەرى یەکێک لە قوتابییەکان لە کەسێکى پەروەردەیی ناوەشێتەوە و پێشتر وەزارەت فەرمانیداوە بەوەى نابێت دامەزێنەرانى ئەو قوتابخانە ئەهلیانە بچنە نێو قوتابخانەکانەوە."
  
نەجوا کاکەیی، ئەندامى لیژنەى پەروەردەى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "گرتە ڤیدۆییەکە گەیشتووەتە ئێمە کە تێیدا کەسێک بەپاڵ ژنێک لەو قوتابخانەیە دەکاتە دەرەوە، بڕیارە هەفتەى داهاتوو لیژنەکەمان پەیوەندى بکات بەو لیژنەى لێکۆڵینەوەیەى وەزارەتى پەروەردە لەسەر ئەو دۆسیەیە، کە پێکهێنراوە بۆ گەیشتن بە راستیی ئەو رووداوە."
 
نەجوا کاکەیی گوتیشى: "بەگوێرەى بڕیارەکەى وەزارەتى دارایی دەستلەکارکێشانەوە بەو کەسە دەکرێت تاوەکو لێکۆڵینەوەکان تەواو دەبن".