لە بەغدا پیاوێک خۆی دەکات بە ژن و شۆفێران رووت دەکاتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

پیاوێک لە شاری بەغدا خۆی دەکات بە ژن و شۆفێرانی تاکسی رووت دەکاتەوە. پۆلیسی بەغدا دەڵێت، "ئەمڕۆ ئەو کەسەمان دەستگیرکرد و دانی بە تاوانەکەیدا داناوە".
 
رۆژی شەممە، 21-09-2024، عەمید حوسێن عەلی، گوتەبێژی فەرماندەیی پۆلیسیی بەغدا-رەسافە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەمڕۆ هێزەکانی پۆلیسیی رەسافە، کە پێکهاتبوون لە هێزەکانی بنکەی پۆلیسی بەغداد جەدیدە و پۆلیسیی فریاکەوتنی رەسافە دوو، لە ناوچەی بەغدا جەدیدە پیاوێکیان دەستگیرکرد، کە جلی ژنانی لەبەردابوو. ئەو کەسە داوای بەدڕەوشتی لە شوفێری تاکسی کردووە، دواتر پارە و کەلوپەلەکانی لێ دزیون.
 
عەمید حوسێن عەلی دەڵێت، دەستگیرکردنەکە دوای ئەوە هاتووە، پۆلیس گومانی لە ژنێک کردووە، دوای دڵنیابوونەوە لێیی، دەرکەوتووە ئەمە لە بنەڕەتدا پیاوە؛ بەڵام  بۆ ئەو کارە جلی ژنانی لەبەر کردووە و دانی بە تاوانەکەشیدا داناوە.  
 
گوتەبێژی فەرماندەیی پۆلیسیی بەغدا-رەسافە گوتیشی، ئەو پیاوە چەندین شوفێری تاکسی فریو داوە؛ بەڵام سکاڵایان تۆمار نەکردووە. دوای دەستگیرکردنی دانی تاوانەکانیدا داناوە. 
 
ئەو کەسە، بەگوێرەی مادەی 160ی یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە بۆ تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان.