ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە عێراق دەگۆڕدرێت

21-09-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا دەڵێت، پێشبینی دەکرێت هەفتەی داهاتوو بڕیاری کۆتایی لەسەر چارەنووسی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە عێراق بدرێت. بەگوێرەی پێنتاگۆن، ئەرکی هاوپەیمانییەکە لە سەربازییەوە بۆ هاوبەشییەکی ئەمنیی دووقۆڵی دەگۆڕدرێت.
 
رۆژی هەینی 20-09-2024 وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) بڵاویکردەوە، ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە عێراق بەردەوام دەبێت، "بەڵام سەرنجەکەی لە سەربازییەوە بۆ هاوبەشییەکی ئەمنیی دووقۆڵی دەگۆڕدرێت."
 
بەگوێرەی پێنتاگۆن، ئەم گۆڕانکارییە لەسەر بنەمای ئەوە دێت کە داعش هیچ خاکێکی لە عێراق بەدەستەوە نەماوە و ئاسایشی وڵاتەکە باشتر بووە. پێنتاگۆن ئەوەشی ئاشکرا کردووە، "هەڕەشەی داعش هێشتا ماوە."
 
بە گوتەی بەرپرسێکی باڵای ناونە‌هێندراوی وەزارەتەکە، پێشبینی دەکرێت هەفتەی داهاتوو بە فەرمی ئەو بڕیارە رابگەیێندرێت و قسەی کۆتایی بکرێت. ئەو بەرپرسە ئاشکراشی کرد، "مانەوەی ئەمریکییەکان لە عێراق بۆ سەقامگیریی تەواوی ناوچەکە گرنگە."
 
ئەوەش لە کاتێکدایە، دوێنێ هەینی نووسینگەی راگەیاندنی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، رۆژی شەممە، 21-09-2024 سوودانی بە سەرۆکایەتیی شاندێک بەرەو نیویۆرک بەڕێ دەکەوێت، "بە مەبەستی بەشداریکردن لە 79یەمین کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان."
 
دوایین سەردانی سوودانی لە مانگی نیسانی 2024 بوو. بەگوێرەی ئەو بەرپرسە باڵایەی پێنتاگۆن، "کاتێک سەرۆکوەزیران سوودانی لەگەڵ سەرۆک جۆ بایدن لە نیسان کۆبوونەوە، گفتوگۆی ئەو بابەتەیان کرد."
 
ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لە ساڵی 2014 لە عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی داعش دەستیپێکرد. پێنتاگۆن رایگەیاند، "ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە پابەندییەکانی خۆی وەک پاڵپشتیکردنی هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە رێگەی مەشقپێدان، پارەدارکردن، راوێژپێدان و بەشکردنی هەواڵگری."
 
هەر بەگوێرەی ئەو وەزارەتەی ئەمریکا، هاوبەشییە دوو قۆڵییە نوێیەکەی نێوان ئەمریکا و عێراق سەرنج دەخاتە سەر ئاڵنگارییە ئەمنییەکان، لەوانەش "هەژموونی میلیشیاکانی عێراق کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن."
 
بەرپرسێکی باڵای بەرگریی وەزارەتەکە گوتی، "ئێران نایەوێت پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و عێراق بەهێز بن."
 
رۆژی 08-09-2024 سەبهان مەلا جیاد، راوێژکاری سیاسیی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە وتووێژەکانی نێوان عێراق و ئەمریکادا گەیشتووین بە رێککەوتن بەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی شەڕی دژی داعش و لەسەروویانەوە هێزەکانی ئەمریکا تاوەکو کۆتایی ساڵی 2025 لە عێراق بکشێنەوە."
 
سەبهان مەلا جیاد گوتیشی، "بەپێی ئەو رێککەوتنەی پێی گەیشتووین، کشانەوەکە پێش کۆتایی ئەم ساڵ دەستپێدەکات، بەڵام ژمارەیەکی کەم لە هێزەکان دەست بە کشانەوە دەکەن، دواتر بە چەند کاروانێک تاوەکو کۆتایی ساڵی 2025 هەموویان دەکشێنەوە."
 
نزیکەی 2500 سەربازی ئەمریکی لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەن؛ هەروەها 900 سەربازیش لە رۆژئاوای کوردستان و سووریان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە