سەرۆکی فراکسیۆنیی یەکێتی: پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و کارنامەکەی ئاشکرانەکراوە

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ئاگادارکراونەتەوە لەوەی ئەمڕۆ کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق دەکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا کارنامەی کۆبوونەوەکە دیار نییە، بڕیاریشە کۆبوونەوەی سەرۆکی فراکسیۆنەکان لە پەرلەمانی عێراق بکرێت، ئەگەر لە کۆبوونەوەکەدا رێککەوتن بکرێت، پرسی بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە دەخرێتە بەرنامەی کارەوە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 21-09-2023، هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "بەگوێرەی دوایین کۆبوونەوەکان و بەتایبەت کۆبوونەوەی دوێنێ شەوی بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراق، رێککەوتنێکی سیاسی سەرەتایی کراوە و رەزامەندی وەرگیراوە دەنگ بە پرۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە دەدرێت."
 
رۆژی 18ـی ئەیلوول بڕگەى دەنگدان بە پڕۆژەیاساى بەپارێزگاکردنى هەڵەبجە لە خشتەى کۆبوونەوەکە لادرا، بۆ کۆبوونەوەی 19ى ئەیلوول ئەو بڕگەیە دانەنرایەوە و بەهۆیەوە کۆبوونەوەکە دواخرا بۆ 21ـی ئەیلوول.
 
بەگوتەی هەرێم کەمال ئاغا، دوێنێ شەو ئاگادارکراونەتەوە کە ئەمڕۆ پێنجشەممە، کاژێر 1:00ـی دوانیوەڕۆ کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق دەکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا بەرنامەی کار دیاری نەکراوە. 
 
لایەنە سیاسییەکانی عێراق داوایەکیان لە فراکسیۆنە کوردستانییەکان کردووە و سەرۆکی فراکسیۆنیی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت "لایەنە سیاسییەکانی عێراق داوایان کردووە بە پارێزگاکردنی ناوچەکانی دیکەش، لەگەڵ هەڵەبجە بخرێنە بەرنامەی کارەوە، ئێمەش پێمان گوتوون کە کێشەمان نییە و رازین، بەڵام ئیدی کە دێتە پەرلەمان، دەنگ دەهێنێت یاخود نا و دواتر سوننەکان گرفت بۆ ئەو بابەتە دروست دەکەن یاخود نا، نازانین."
 
بڕیارە هەر ئەمڕۆ پێش کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق، سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان کۆببنەوە و لە کۆبوونەوەکەدا لەبارەی پرسی بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە گفتوگۆ بکەن و دوای رێککەوتن، پرۆژەی بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە دەخرێتە بەرنامەی کارەوە. 
 
رۆژی 20ـی ئەیلوولى 2023، لەتیف رەشید، سەرۆککۆمارى عێراق لەگەڵ نوێنەرى سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە پەرلەمانى عێراق جگە لە فراکسیۆنى نەوەى نوێ کۆبووەوە. دەنگدان بە پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنى هەڵەبجە، یەکێک بوو لەو پرسانەی لە کۆبوونەوەکە تاوتوێ کرا.
 
هەمان رۆژ بڕیار رەشید، پەرلەمانتاری یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت "خشتەى کۆبوونەوەى پێنجشەممە [21 - 9 - 2023]ـی پەرلەمان رانەگەیێندراوە و نازانین ئەو بڕگەیەى تێدایە یان نا، ئەگەر تێیدا نەبێت، وەک فراکسیۆنە کوردستانییەکان بایکۆتى کۆبوونەوەکە دەکەین."
 
بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە 10 ساڵ زیاترە لە هەرێمی کوردستانەوە کاری بۆ دەکرێت، بەڵام هەر جارە و بە هۆکارێک لە بەغدا شکست بە هەوڵەکە دەهێندرێت. 
رۆژی 24ـی کانوونی دووەمی 2013، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی هەرێمی کوردستان نێوەڕۆکی پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەی بە نووسراوی ژمارە 12034 ئاراستەی نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی عێراق کرد، بەڵام ناکۆکیی نێوان شیعە و سوننەکان بووە هۆکار بۆ ئەوەی هەڵەبجە نەبێتە پارێزگایەکی نوێ. 
 
ژمارەی دانیشتووانی هەڵەبجە زیاتر لە 135 هەزار کەسە؛ پارێزگاکە لە قەزایەک و چوار ناحیە پێکهاتووە؛ قەزای ناوەندی هەڵەبجە و ناحیەکانی خورماڵ، بیارە، بەمۆ و سیروان.