دادگە دوو بەرپرسی پێشووی عێراق بە زیندانیکردن سزادەدات

21-09-2022
ئاسۆ فیشەگی
A+ A-

رووداو-هەولێر

دەستەی دەستپاکیی عێراق دەڵێت، دادگە دوو بەڕێوەبەری گشتیی پێشوو لە وەزارەتی دارایی و وەزارەتی تەندروستیی عێراق بە زیندانیکردن سزادەدات و فەرمانی دەستگیرکردنی بۆیان دەرکردووە.
 
دەستەی دەستپاکیی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە 21/9/2022 لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "دادگەی ناوەندیی تاوانەکان لە بەغدا کە تایبەتە بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، بەڕێوەبەری گشتیی پێشووی فەرمانگەی خانووبەرەی دەوڵەتی بە دوو ساڵ زیندانیکردن سزادا و فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکرد".
 
لە روونکردنەوەی دەستەی دەستپاکیی عێراقدا هاتووە: "تاوانەکەی بەڕێوەبەری گشتیی پێشووی فەرمانگەی خانووبەرەی دەوڵەت بریتییە لە پێدانی مۆڵەتی وەبەرهێنان بۆ دروستکردنی هۆتێلێک و شارێکی یاری لە زەوی دارستانێک لە بەغدا؛ ئەمەش سەرپێچیکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە 50ی ساڵی 2016یە".
 
دەستەکە هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات: "دادگەی کەتنەکان لە حیللـە [پارێزگای بابل] کە تایبەتە بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، بەڕێوەبەری گشتیی پێشووتری تەندروستیی پارێزگای بابلی بە زیندانیکردن سزا دا و فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکرد، ئەوەش بەهۆی بەکرێدانی کافتریای نەخۆشخانەی ئیمام سادق بە کرێیەکی کەمتر لە کرێ راستەقینەکەی".
 
دەستەی دەستپاکیی عێراق روونیشیکردەوە: "هەردوو دادگەکە بەپێی ماددەی 331ی یاسای سزاکانی عێراق ئەو دوو تاوانبارەیان سزا دا".
 
لە دەقی ماددەی 331ی یاسای سزاکانی عێراقدا هاتووە، "هەر فەرمانبەرێک یان هەر کارمەندێکی کەرتی گشتی، ئەگەر بە مەبەست سەرپێچی ئەرکەکانی پۆستەکەی بکات بۆ سوودگەیاندن یان زیانگەیاندن بە کەسێک ئەوا بە زیندانیکردن یان پێبژاردن یان بە هەردوو سزاکە سزا دەدرێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە