کشتوکاڵی عێراق: زەویی کشتوکاڵی تەنیا موڵکی وەزارەتە

رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، بەپێی بڕیاری دادگەی فیدڕاڵی موڵکایەتیی زەویی کشتوکاڵی لە عێراق بەتەنیا لە دەسەڵاتی ئەوانە نەک پارێزگاکان، دەشڵێت 15 رۆژ لەبەردەم ئەو کەسانەدا هەیە کە زەرەرمەندن بۆ ئەوەی تانە لە بڕیارەکە بدەن.

محەممەد خوزاعی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای ئەو روونکردنەوەیەی عەباس جەبر مالیکی، وەزیری کشتوکاڵ لە رۆژی 11ـی مانگی رابردوو لەبارەی موڵکایەتیی زەوییەکانی کشتوکاڵی لە عێراق بە دادگەی فیدراڵی دا، دادگەکە بە نووسراوی ژمارە 142 لە 8ـی ئەم مانگە وەڵامی داوەتەوە، کە زەوییەکانی کشتوکاڵ لە تەرخانکردنیان بۆ پارێزگاکان بەدەرکراون.
 
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق گوتی: "ئەم وەڵامەی دادگەی فیدراڵی جەخت لەسەر پابەندبوونی پارێزگاکان بەو سیاسەتە دەکاتەوە کە ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی تایبەتمەند دایدەڕێژن، هەر کەسیش خۆی بە زەرەرمەند دەزانێت، دەتوانێت لەماوەی 15 رۆژ لە رۆژی راگەیاندنی تانەوە لە بڕیارەکە بدات."
 
دەشڵێت: "زەویی کشتوکاڵی زەویی فیدڕاڵیین و بەرپرسیارێتیی وەزارەتی کشتوکاڵە، چونکە تاکە لایەنی تایبەتمەندە لەو بوارە و ئەوەش دەرگەیەکی فراوان لەبەردەم گەشەپێدانی کشتوکاڵ و هەستانەوەی لەهەموو پارێزگاکان دەکاتەوە."
 
شکار مەردان، پارێزەر کە بەشێک لە کارەکانی پەیوەستە بە زەویی کشتوکاڵی، لەبارەی بڕیارەکەوە بە رووداوی گوت: "بەهۆی دروستکردنی خانوو و یەکەی نیشتەجێبوون و گۆڕینی رەگەزی زەوییەکان کە پێشتر لەلایەن پارێزگا و شارەوانییەکانەوە دەکرا، زەوییەکی زۆری کشتوکاڵی لەنێوچوون، بۆیە ئەو بڕیارە کە لە بەرژەوەندیی کشتوکاڵ و بوژانەوەیەتی، جەخت لەوە دەکاتەوە تەنیا دەسەڵاتی وەزارەتە دەستکاریی ئەو زەوییانە بکات، نەوەک پارێزگا و شارەوانییەکان و بەڕێوەبەرایەتییەکانی دیکە."
 
بەپێی وەزارەتی كشتوکاڵی عێراق، ئەو وڵاتە 60٪ـی زەوییەکانی کشتوکاڵیی بەهۆی کەمیی ئاو و گۆڕانی کەشوهەوا و هۆکاری دیکەوە زەوییەکانی کشتوکاڵیی لەدەستداوە.