لە سامەڕا سەرجەم ئەندامانى خێزانێک کوژران؛ 'بە جلی سەربازییەوە ھەڵیانکوتاوەتە سەریان'

رووداو دیجیتاڵ
هەستیار قادر و نەهرۆ محەممەد 

لە ناحیەیەکی پارێزگاى سەلاحەددین، سەرجەم ئەندامانی خێزانێک کە ژمارەیان شەش کەس بوو، لەنێو ماڵەکەیاندا کوژران. هێزە ئەمنییەکان حەوت کەسیان بە تۆمەتی کوشتنی ئەو خێزانە دەستگیرکرد.
 
كاوە شێخانی، راوێژکاری پارێزگاری سەلاحەددین بۆ کاروباری ئەمنی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رووداوەکە بەیانیی ئەمڕۆ "چوارشەممە، 21-8-2024) روویداوە. ژمارەیەک چەکدار بە جلی سەربازییەوە ھەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵێک لە ناحیەى عەباسی لە قەزای سامەڕا و سەرجەم ئەندامانی خێزانەکەیان کوشتووە.
 
قوربانییەکان پێکدێن لە؛ رەباج عەدنان حوسێن 36 ساڵ، دایکى منداڵەکان، ئەزھەر جەمال عەلی 18 ساڵ، ئەیسەر جەمال عەلی 14 ساڵ، ئەسمەھان جەمال عەلى، 16 ساڵ، حەیدەر جەمال عەلى 10 ساڵ و نورەدین جەمال عەلى 9 ساڵ.
 
کاوە شێخانى گوتى "ساڵى 2021 باوکی ئەو منداڵانە و باپیریشیان، لەلایەن ژمارەیەک چەکدارەوە کوژراون." 
 
ئەمڕۆ، شانەى راگەیاندنى ئەمنیی عێراق لە روونکردنەوەیەکدا لە بارەى ئەو رووداوە رایگەیاند، گەیشتوونەتە سەرەداوى گرنگ و ژمارەیەک گومانلێکراویان دەستگیرکردووە، کە گومان دەکرێت پەیوەندییان بەو رووداوەوە هەبووبێت.
 
راوێژکاری پارێزگاری سەلاحەددین بۆ کاروباری ئەمنی راگەیاند "حەوت گومانلێکراو دەستگیرکراون کە هەر خەڵکى ناحیەى عەباسییەن."
 
ناحیەى عەباسییە زۆرینەى دانیشتووانەکەى سوننەن و سەرجەم ئەندامانى ئەو خێزانەش کە کوژراون لە هەمان مەزهەبن.