ئاگر لە هۆتێلێکی کەربەلا کەوتەوە و 70 کەس رزگارکراون

21-08-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئاگر لە هۆتێلێکی شاری کەربەلا کەوتەوە، بەرگریی شارستانیی عێراق دەڵێ، 70 کەسیان رزگار کردووە. 
 
نەواس سەباح شاکر، هاوئاهەنگیکارى راگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتیى بەرگریى شارستانیی عێراق، ئەمڕۆ (چوارشەممە، 21-08-2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئاگرەکە لە هۆتێلێکی حەوت نهۆمی کەوتەوە، کە وەک حوسێنییە بۆ خزمەتکردنی زیارەتکاران بەکاردەهێندرێت.
 
بەگوتەی نەواس سەباح شاکر، ئاگرەکە لە نهۆمی دووەمی هۆتێلەکە کەوتووەتەوە و دەستبەجێ تیمەکانی بەرگریی شارستانی گەیشتوونەتە شوێنەکە، 70 کەسیان رزگارکردووە کە زۆربەیان بەهۆی دووکەڵەوە تووشی هەناسەتەنگی بوون. 
 
هاوئاهەنگیکارى راگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتیى بەرگریى شارستانیی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، ئاگرەکە لەلایەن تیمەکانیانەوە کۆنترۆڵکراوە؛ گوتیشی، پۆلیس دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە و تیمی شارەزای بەڵگەی تاوانیش چوونەتە شوێنەکە بۆ دیاریکردنی هۆکاری ئاگرکەوتنەکە. 
 
عەمید میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رۆژی 21-07-2024 بە رووداوی گوت، لە 6 مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا پێنج هەزار و 500 رووداوی ئاگرکەوتنەوە تۆمارکراون.

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە