رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق دەڵێت، کردنەوەی ئاسمانی ئەورووپا بەڕووی هێڵی ئاسمانیی عێراقییەدا هەنگاوی باشی بڕیوە و ئێستا لە قۆناخی نەهێشتنی کەموکوڕییەکان و جێبەجێکردنی مەرجەکاندان.
مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رۆژی 21-08-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، جێبەجێکردنی مەرجەکانی سەلامەتی و گفتوگۆکانیان لەگەڵ رێکخراوی ئەیاتا (یەکێتیی نێودەوڵەتیی گواستنەوەی ئاسمانی) بۆ کردنەوەی ئاسمانی ئەورووپا بەڕووی هێڵی ئاسمانیی عێراقییەدا هەنگاوی باشی بڕیوە.
کۆمپانیای گشتیی هێڵی ئاسمانیی عێراقییە، کۆمپانیایەکی حکومییە و سەر بە وەزارەتی گواستنەوەی عێراقە؛ هێڵەکە گەشتی بۆ زیاتر لە 40 وڵات هەیە.
مەیسەم سافی دەڵێت، ئێستا قۆناخی دەستنیشانکردنی کەموکوڕییەکانیان تێپەڕاندووە و چوونەتە سەر قۆناخی نەهێشتنیان بۆ ئەوەی هێڵی ئاسمانیی عێراقییە بتوانێ سەرجەم پێوەرە نێودەوڵەتییەکان لەبواری فڕۆکەوانی جێبەجێ بکات و ئاسمانی ئەورووپای بۆ بکرێتەوە.
مانگی 12ـی 2015، یهكێتیی ئهورووپا هێڵی ئاسمانیی عێراقییەی خستە لیستی رهشی فڕۆكهوانیی جیهانییەوە، ئەوەش بههۆی پابهندنهبوونی به مهرجهكانی سهلامهتیی فڕۆكهوانییەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق دەڵێت، بۆ نەهێشتنی کەموکوڕییەکان و جێبەجێکردنی پێوەر و رێکارەکان نێودەوڵەتییەکان، دوو لیژنە پێکهێندراون. یەکێکیان لە وەزارەتی گواستنەوە و ئەوی دیکە لە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ