واژۆ بۆ بانگکردنی پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق بۆ پەرلەمان کۆدەکرێتەوە


رووداو دیجیتاڵ 

واژۆ بۆ بانگکردنی عەلی عەللاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق بۆ پەرلەمان کۆدەکرێتەوە.

دیارترین ئەو پەرلەمانتارانەی کار لەسەر بانگکردنی پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق دەکەن، بریتین لە مستەفا سەنەد، عودەی عەواد و محەممەد نووری کە ئەندامی لیژنەی دارایین، هەروەها هادی سەلامی لە لیژنەی دەستپاکی.
 
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رۆژی چوارشەممە، 21-08-2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لەنێو لیژنەی دارایی 7 بۆ 8 واژۆ کۆکراونەتەوە. کۆکردنەوەی واژۆی ئەندامانی لیژنەکانی دیکەی پەرلەمانیش دەستیپێکردووە".
 
دیارترین ئەو مژارانەی پەرلەمانتارەکان دەیانەوێت لەگەڵ پارێزگاری بانکی ناوەندی باسی بکەن پەیوەندی بە دۆسیەی فرۆشتنی دۆلار، چارەنووسی دانوستاندنە لەگەڵ بانکی فیدراڵیی ئەمریکا و هەوڵی بانکەکەیە لە سەقامگیریی نرخی دیناری عێراق.
 
جەمال کۆچەر گوتی، "بابەتی سزادانی بانکەکان و دۆلار لەدەست پارێزگاری بانکی ناوەندیی نییە، بەڵام ئەو پەرلەمانتارانە لەو کارەیان مەبەستی خۆیان هەیە".
 
جەمال کۆچەر پێیوایە، "ئەگەر کار بگاتە لێپرسینەوە، عەلی عەللاق خۆی دەست لەکار دەکێشێتەوە؛ دەستلەکارکێشانەوەشی پێشکێش کردووە".
 
محەممەد نووری، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، گۆڕینی پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق پێویستە، بەهۆی دۆخی ئابووریی وڵاتەوە، لەوانە شێوەی مامەڵەی لەگەڵ دۆسیەی دۆلار و نەگرتنەبەری "رێکاری پێویست" لە بەرامبەر سەپاندنی سزا بەسەر کۆمەڵێک بانکی عێراقییدا.
 
سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووری لە پەرلەمانی عێراق رۆژی 06-08-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، عەلی عەللاق تەمەنی گەیشتووەتە تەمەنی خانەنشینی و بۆیە داواکاری دەستلەکارکێشانەوەی پێشکێش بە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە.
 
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، سوودانی دەتوانێت دەستلەکارکێشانەوەکەی پەسند نەکات و رێگە بدات زیاتر لە پۆستەکەی بمێنێتەوە.
  
بە گوێرەی یاسای خانەنشینیی عێراق، تەمەنی هاووڵاتی بۆ خانەنشین بوون 60 ساڵە.