جووتیارێک لە قەزای بەلەد ترێی یاقووتی بەرهەمدێنێت؛ دەنکەکانی گەورە و بەتامن

رووداو دیجیتاڵ

باخەوانێک لە قەزای بەلەد ـی پارێزگای سەلاحەددین، ترێیەکی دەگمەن بەرهەمدەهێنێت کە پێی دەگوترێت ترێی یاقووتی و بەوە جیادەکرێتەوە قەبارە و تامی جیاوازە.  
 
لەیس بەلداوی، ناوی جووتیارەکەیە کە لە قەزای بەلەد باخی ترێی هەیە، ئەو دەڵێ "دیارترین جۆری ترێ، ترێی رەشی یاقووتییە و ئێستا سەرداری بازاڕی عێراقە. ئێمە، جۆرەکانی ترێمان کۆنن؛ بۆیە ئامۆژگاری باخەوانان دەکەم کاری نوێ بکەن و گرنگی بەم جۆرانە بدەن، چونکە نرخەکەشی باشە. هەرکەسێک بیبینێت سەرسام دەبێت و لە هەموو جۆرەکانی دیکەی ترێش بەتامترە".
 
کێڵگەکەی لەیس حەوت دۆنم زەوییە، شەش بۆ حەوت جۆر ترێی تێدایە و بەرهەمی ساڵانەی سێ بۆ چوار تۆنە. هەر دار مێوێک 40 کلیۆ ترێ بەرهەمی هەیە. 
 
ئەمین عوبێدی، یاریدەدەری بەڕێوەبەری کشتووکاڵی بەلەد سەبارەت بە ترێی یاقووتی دەڵێ "تایبەتمەندییەکەی ئەوەیە؛ دەنکی گەورە و تامێکی خۆشی هەیە. ئەم جۆرە لە ئاستی جیهاندا پلە یەکە، سەرەتا لە پارێزگای سلێمانی چێنراوە، بەڵام بەهۆی بەپیتی و لەبارەی خاکی بەلەد ـەوە بۆ هەموو جۆرە ترێییەک، لەیس ئەو جۆرە ترێیەی چاند."
 
بەرهەمی ساڵانەی ترێی عێراق نزیکەی 420 هەزار تۆنە و بڕێکی بەرچاویشی لە سنووری قەزای بەلەد لە پارێزگای سەلاحەددینی ناوەڕاستی عێراق بەرهەمدەهێنرێت.