بزووتنەوەی سادیقوون پێشوازی لە سازکردنی دیبەیت لەگەڵ رەوتی سەدر دەکات
رووداو دیجیتاڵ
بزووتنەوەی سادیقوون لە پەرلەمانی عێراق، کە سەر بە بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەقە رایگەیاند، پێشوازی لە سازکردنی دیبەیت لە نێوان نوێنەرانی رەوتی سەدر و چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەکەن.
مەحموود روبەیعی، گوتەبێژی بزووتنەوەی سادیقوون کە یەکێکە لە لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعە، ئەمڕۆ یەکشەممە 21-08-2022، لە هەژماری بزووتنەوەکەدا لە فەیسبووک رایگەیاند: "دیبەیتی ئاشکرا و راستەوخۆ یەکێکە لە دیموکراسیترین و روونترین شێوازەکان بۆ جەماوەر و بابەتە شاراوەکان ئاشکرا دەکات".
مەحموود روبەیعی گوتیشی: "من پشتیوانی لە بانگەواز بۆ دیبەتی لەو شێوەیە دەکەم لە نێوان نوێنەرێکی سەرکردایەتیی رەوتەکە و نوێنەرێکی سەرکردەکانی چوارچێوە... بەڵام دەبێ لە ئەنجامی دیبەیتەکە بە بەڵگەکان و پەنابردن بۆ دەستوور و یاسا و کۆتاییهێنان بەو قەیرانە رازی بین".
ئەم گوتانەی گوتەبێژی بزووتنەوەی سادیقوون دوای رۆژێک هات لە تویتێکی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر کە دوێنێ رایگەیاند: "پێشنیازێکمان پێشکێشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد بۆ سازکردنی دیبەیتێکی ئاشکرا بە پەخشی راستەوخۆ لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکان، کەچی وەڵامەکەیان بێسوود بوو. وەڵامەکەیان هیچ شتێکی تێدا نەبوو سەبارەت بە چاکسازی و داواکارییەکانی شۆڕشگێڕان و ئەوەی کە گەل بە دەستییەوە دەناڵێنێت. ئەوان هیچ گرنگییەکیان بەوە نەدا کە دەگوزەرێت".
گرژییەکانی نێوان رەوتی سەدر و چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەردەوامن، لایەنگرانی هەردوولا مانگرتنیان لە بەغدا راگەیاندووە. لایەنگرانی رەوتی سەدر کە لە باڵەخانەی پەرلەمان مانیان گرتووە داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی دیکەی پێشوەخت دەکەن، چوارچێوەی هاوئاهەنگیش دەڵێت: بە مەرجی پێکهێنانی حکومەتی نوێ و گۆڕینی یاسا و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان بەو داوایە رازی دەبن.