چیرۆکی خەمناکی کوشتنی کچێکی 9 ساڵ؛ باوک و زڕدایکی ئەشکەنجەیان داوە تاوەکو گیانی لەدەستداوە


رووداو دیجیتاڵ

چیرۆکی خەمناکی کوشتنی کچێکی 9 ساڵ لەژێر ئەشکەنجە. باوکی بە هاوکاریی ژنی دووەمی بە ماسیحە لێی داوە، چای گەرمی پێدا رژاندووە و لەسەربان و لەبەر تیشکی خۆر بەستوویەتیەوە تاوەکو گیانی لەدەستداوە.
 
لە سەرەتای ئەم ڤیدیۆیەدا دیمەنی مەیار عەلی دەبینن کاتێک لای دایکی بووە. منداڵیکی لێو بەخەندە و دڵخۆش. دواتر بە ناچاری دەکەوێتە دەست باوک و زڕدایکی. زۆرینەی جەستەی شوێنەواری ئەشکەنجە، سووتان و لێدانە. کەم شوێنی جەستەی هەیە شوێنەواری ئەشکەنجەیەکی درێژخایەنی پێوە نەبێت.
 
مەیار عەلی لە رۆژی 19ـی مانگی تەممووز لە تەمەنی نۆ ساڵیدا ماڵئاوایی لە ژیان کرد، بە گوتەی سەرچاوەیەکی پۆلیس، باوکی سەرەتا بە ماسیحە لێیداوە، لەسەربان لەبەر تیشکی خۆر بەستوویەتییەوە تاوەکو گیانی لەدەستداوە، پێشتریش چای پێدا رژاندووە و سووتاندوویەتی. 
 
دایکی مەیار کە دوو ساڵ لەمەوبەر لە هاوژینەکەی جیابووەتەوە دەڵێت، ساڵیکە هیچ هەواڵێکی کچەکەی نەزانیوە، هەرچەندە لە دادگە سکاڵای تۆمارکردووە، بەڵام منداڵەکەی شوێنبزربووە، تاوەکو کاتی مەرگی، کەمترین زانیاریشی دەستنەکەوتووە.
 
نوور مەزڵووم، دایکی مەیار بە رووداوی گوت، "هەموو داوایەکەم ئەوەیە بەو شێوە بکوژرێت کە کچەکەمیان کوشتووە. دەمەوێ بە سێدارە بمرێت و سزا بدرێت. دەبێ لە دونیا و قیامەت سزا بدرێت. بەو شێوەیە سزا بدرێ کە سزای کچەکەمی داوە. ئەمە تاوانبارە، هیچ باوکێک نییە کچەکەی بەمشێوەیە دڕندایە بکوژێت. بەمەش نەوەستاوە و دەستدرێژیشی کردووەتە سەری". 
 
باوکی منداڵەکە هەرچەندە خەڵکی بەعقوبەیە، دوای ئەوەی ژنێک لە بەغدا دەهێنێت، دەڕواتە ئەو شارە، ماوەی زیاتر لە ساڵێکیشە منداڵەکە لەلای ئەو و زڕدایکەکەی بووە.
 
ئەمسا مەزڵووم، خوشکی نوور دەڵێت: "داوا لە محەممەد شیاع سوودانی دەکەم ئەم تاوانبارە لەسێدارە بدات. ئەوەی ئەم تاوانبارە بە کچەکەی خۆی کرد، کەس نەیکردووە، جوو و بێدین و لەناو عەرەبیش ئەم کردەوەیە نەکراوە. لە کوێ هەبووە باوکێک بەم دڕندەیی و بێویژدانییەوە تووندوتیژی دژی بە کچەکەی بکات". 
 
دایکی مەیار جگە لە تۆمارکردنی سکاڵا لە دژی هاوژین و زڕدایکەکە، هاوکات سکاڵای هەیە لە دژی ئەو دادوەرەی کە ئەو پێیوایە خەمساردی کردووە و نەیتوانیوە رێگری لەو تاوانە بکات.