خشتەی بودجە کێشە دەخاتە نێوان حکومەت و پەرلەمانی عێراقەوە
رووداو دیجیتاڵ
جیاوازیی 15 تریلیۆن دینار لەنێوان خشتەکانی بودجەی گشتی کە حکومەت بۆ پەرلەمان بۆ یەکدییان ناردووە، کێشەی خستووەتە نێوان ئەو دوو دامەزراوەیە. حکومەت دەڵێت، سێ وێنەی خشتەکانی بودجە هەن. ئەندامێکی لیژنەی دەستپاکیی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت، سکاڵا لە دادگەی فیدراڵی تۆماردەکەن.
سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە، 21ـی تەممووزی 2024، وەڵامی نووسراوێکی حکومەتی عێراقی دایەوە و دەڵێت، "ئێمە خشتەکانی بودجەمان وەک خۆی پەسندکردووە، وەک ئەوەی لە حکومەتەوە پێمانگەیشتووە، تەنیا ئەوە نەبێت کە ئەنجوومەنی وەزیران بڕی دوو تریلیۆن دینار لە وەزارەتەکانەوە بۆ پارێزگاکان بگوازێتەوە و بەپێی رێژەی دانیشتووان و هەژاری دابەش دەکرێت".
نووسراوەکە وەڵامی نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقە کە لە نووسراوێکدا دەڵێت، هۆکاری جیاوازی لەنێوان خشتەکانی حکومەت و پەرلەمان بۆ روون بکەنەوە.
بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو، جیاوازییەکە 15 تریلیۆن دینار دەبێت. ئەو بڕە لەو خشتانەی پەرلەمان ناردوویەتی زیاترە لەوەی حکومەت.
محەممەد شیاع سوودانی بە نووسراوی ژمارە (4000/2421674) لە رۆژی 1ـی تەممووزی 2024 کە بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمانی ناردووە، چوار تێبینی لەبارەی خشتەکانی بودجەی گشتیی ساڵی 2024 تۆمارکردووە و داوای لێکردوون جیاوازییەکان روونبکەنەوە.
بەپێی حکومەت، دوای وردبینی لە خشتەکانی بودجە، دەردەکەوێت سێ وێنەی جیاوازی خشتەی بودجە هەن. یەکێکیان ئەوەیە کە ئەنجوومەنی وەزیران و دواتر پەرلەمان پەسندیان کردووە و چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام دوو وێنەی دیکە هەن کە جیاوازن لەو وێنەیەی حکومەت پەسەندی کردووە.
لە نووسراوەکەدا هاتووە، ئەو خشتانەی دوای پەسندکردنیان بە چاپکراوی لەسەر کاخەز لەلایەن پەرلەمانەوە بۆ حکومەت نێردراون، جیاوازییان تێدایە بە بەراوردکردنیان لەگەڵ ئەو وێنەیەی لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە نێردراوە.
هادی سەلامی، ئەندامی لیژنەی دەستپاکیی پەرلەمانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "جیاوازیی خشتەکانی بودجە 15 تریلیۆن دینار دەبێت، بەپێی نووسینگەی سەرۆکوەزیران یاری بە خشتەکانی بودجە کراوە، بەڵام سەرۆکایەتیی پەرلەمانیش دەڵێت هەمان خشتەیان ناردووە، ئێمە بۆ لێکۆڵینەوە لەو بابەتە لە دادگەی فیدڕاڵی سکاڵا تۆماردەکەین."
بڕیاری 64ـی پەرلەمانی عێراق کە رۆژی 3ـی حوزەیرانی ئەم ساڵ دەریکرد، بڕیاری پەسندکردنی خشتەکانی بودجەی ساڵی 2024ـی عێراقە.
بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2024، تەنیا خشتەکانی نێردرایە پەرلەمان، بەو پێیە بودجەی سێ ساڵییە "2023، 224 و 2025." قەبارەی خەرجییەکانی بودجە 211 تریلیۆن و 900 ملیار دینار و داهاتەکانیش 147 تریلیۆن و 800 ملیار دینارە، کورتهێنان 64 تریلیۆن دینار دەبێت.