کەسێک کە خۆی بە راوێژکاری سوودانی ناساندبوو بە 7 ساڵ زیندانیکردن سزادرا

رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەڵێت، دادگایەکی تاوانەکانی بەغدا سزای 7 ساڵ زیندانیکردنی بەسەر هاووڵاتییەکدا سەپاند، کە خۆی بە راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق ناساندبوو.
 
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رۆژی یەکشەممە لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "دادگای تاوانەکانی ناوچەی کەرخی بەغدا سزای 7 ساڵ زیندانیکردنەکەی بەسەر هاووڵاتییەدا داوە". 
 
وەکو ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژەی پێکردووە: "ئەو هاووڵاتییە پارەی لە سکاڵاکارێک وەرگرتووە و بەڵێنی پێداوە کوڕەکەی بڕیاری لێخۆشبوونی گشتی بیگرێتەوە، ئەوە لە کاتێکدایە کوڕی ئەو کەسە سزای لەسێدارەدانی هەیە".
 
بە گوێرەی ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق، ئەو بڕیارەی دادگای کەرخ بەپێی حوکمی خاڵەکانی 1 و 2ی بڕگەی یەکەمی بڕیاری ژمارە 160ـی ساڵی 1983 دەرچووە.