دادگەی فیدراڵی سکاڵای خاوەن زەوییەکانی کەرکووکی بۆ مانگی ئەیلوول دواخست

رووداو دیجیتاڵ

دادگەی فیدراڵیی عێراق دوو سکاڵای تایبەت بە زەویی جووتیاران و خاوەنە رەسەنەکانیان، کە لە سەردەمی دەسەڵاتی بەعس لێیان وەرگیراوە و دراوەتە خەڵک و دامەزراوەکان، بۆ نزیکەی دوو مانگی دیکە دواخست.  
 
بەگوێرەی خشتەی کۆبوونەوەکانی، ئەمڕۆ یەکشەممە، 21ـی تەمموزی 2024، دادگەی فیدراڵیی عێراق تاوتوێی ژمارەیەک سکاڵای کرد کە دووانیان پەیوەندییان بە زەویی کوردی پارێزگای کەرکووکەوە هەبوو. 
 
سکاڵاکان لەلایەن ژمارەیەک خاوەن زەوی و جووتیارانی کەرکووکەوە دژی سەرۆکی پەرلەمان تۆمارکراون و، ئەمڕۆ دادگە جارێکی دیکە سکاڵاکانی بۆ رۆژی 15ـی ئەیلوولی ئەمساڵ دواخست. 
 
شێخ نەجات تاڵەبانی، یەکێک لەو کەسانەی سکاڵای تۆمارکردووە، ئەمڕۆ بە رووداوی گوت "دادگە بۆ وردبینیی زیاتری نووسراوەکان، بۆ ئەوەی کاتی زیاتری پێبدرێت تاوەکو لێکۆڵینەوە لە وردەکارییەکانی بکات، داواکەی ئێمەی بۆ مانگی ئەیلوول دواخست، هەرچەندە ئێمە لەگەڵ دواخستنی نین، چونکە هەموو بابەتەکە روونە کە زەوییەکانمان لێ زەوت کراوە."
 
سکاڵای یەکەم ژمارە 142/فیدراڵی/2023ـی هەیە. سکاڵاکاران گوڵخاتر حەبیب حەسەن، دەشتی خدر، تەحسین عەبدولقادر حەسەن، سابیر عەبدوڵڵا خاڵند، ئیبراهیم مەولوود باپیر و رەمزی حەمید حوسێنن، داوا دەکەن دادگەکە بڕیای نادەستووریبوونی بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی هەڵوەشاوەی شۆڕش، ژمارە 949ـی ساڵی 1997 و تاکە یاسای یەکخستنی جۆرەکانی زەویی دەوڵەت ژمارە 53ـی ساڵی 1976 و تۆمارکردنی بەناوی وەزارەتی دارایی بە مەبەستەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و چاکسازیی کشتوکاڵی بدات. سکاڵاکە لە 26ـی کانوونی یەکەمی ساڵی 2023ـوە دوادەخرێت.
 
یاسای یەکخستنی جۆری زەوییەکانی دەوڵەت، ژمارە 53ـی ساڵی 1976، یەکێکە لە یاساکانی سەردەمی بەعس و بەگوێرەی یاساکە، سەتان دۆنم زەوی لە کورد سەندرا.
 
سکاڵای دووەم ژمارە 141/فیدراڵی/2023ـی هەیە، هەریەک لە عیزەدین غازی عاسی، نەجات موكەڕەم عەبدوڵڵا، شابوور نەجمەدین کەریم و لوقمان عەدنان جونەید تاڵەبانی سکاڵایان لەسەر سەرۆکی پەرلەمانی عێراق تۆمارکردووە و، داوا دەکەن بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی هەڵوەشاوەی شۆڕش ژمارە 824ـی 16-8-1976 بە نادەستووری بزانێت.
 
بڕیارەکە تایبەتە بە تاپۆکردنی ژمارەیەک زەوی لە سنووری ناحیەی داقووق و تۆمارکردنی بە ناوی وەزارەتی کشتوکاڵ و چاکسازیی کشتوکاڵی وەک موڵکی رەها کە هیچ پابەندبوونێک یان مافێکی هیچ کەسی بەسەرەوە نییە، ئەوەش بەمەبەستی دابەشکردنی بەسەر جووتیاران بەپێی بنچینەکانی پشتپێبەستوو لە یاسای چاکسازیی کشتوکاڵی ژمارە 117ـی ساڵی 1970.