رووداو دیجیتاڵ
محەممەد شیاع سوودانی، پڕۆژەی بەستنەوەی کارەبای عێراقی بە تورکیاوە کردەوە کە لە رێگەیەوە تورکیا 300 مێگاوات کارەبا بە عێراق دەدات.
ئەمڕۆ دوای نزیکەی 20 ساڵ لە دواکەوتنی، تۆڕی کارەبای عێراق بە تورکیاوە بەسترایەوە. محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەرێگەی پەیوەندیی ڤیدیۆییەوە پڕۆژەکەی کردەوە.
پڕۆژەکە بریتییە لە دامەزراندنی وێستگەی (کەسک) لە قەزای تەلەعفەری پارێزگای نەینەوا، کە 400 کەی ڤییە و کێبڵی گەرمیی زۆر وردیش بە درێژایی 115 کیلۆمەتر بەکاردەهێندرێت.
بە گوێرەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە رێگەی پڕۆژەکەوە 300 مێگاوات کارەبا لە تورکیاوە دەگاتە وێستگەکە بۆ ئەوەی بدرێت بە پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، کەرکووک لەو کاتانەی کە بارگرانی بۆ تۆڕی کارەبای عێراق دروست دەبێت.
محەممەد شیاع سوودانی گوتی، "بایەخی ئەم پڕۆژەیە لەوەدایە؛ لە ساڵی 2004ـەوە راگیرابوو، لە نەوەدەکانیشەوە پلانی بۆ دانرابوو. ئەمڕۆ بە هەوڵی عێراقییە خۆشەویستەکان بەجێگەیێندرا، ئەوەش بە کاری بەردەوام و هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی وزەی تورکیا."
سوودانی گوتی، "بەهای ئەم پڕۆژەیە لەوەدایە؛ یەکەم جارە پێکەوەبەستنی نێودەوڵەتیمان لەگەڵ تورکیای دراوسێ و لەوێوە بۆ ئەورووپا دەبێت، ئەوەش فاکتەرێکی گرنگ و ستراتیژییە لە وزە لەداهاتوودا. ئەم پێکەوەبەستنە لە چوارچێوەی کارنامەی حکومەتدا دێت لە بابەتی بەستنەوە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، دوای ئەوەی هەمان کارمان لەگەڵ لایەنی ئوردنی دۆست ئەنجامدا. ئومێد دەکرێت لە کۆتایی ئەم ساڵدا لەگەڵ کوێتی دۆست و دەستەی بەستنەوەی کەنداویش هەمان کار بکرێت. دوای ئەوەش بەرەو تەواوکردنی پڕۆژە گرنگەکەمان دەچین بۆ بەستنەوەی کارەبا لەگەڵ سعودییەی دۆست".
وەزارەتی کارەبای عێراق لەبارەی پڕۆژەکەوە دەڵێت، "پڕۆژەی بەستنەوەی کارەبای عێراق بە تورکیا لە رێگەی کەسکەوە دەبێت و بە درێژایی 115 کیلۆمەتر دەبێت؛ بەشێکی لەنێو پارێزگای دهۆکە؛ بەشی زۆریشی لە پارێزگای نەینەوایە."
ئەو بەستنەوەیە وەکو وەزارەتەکە روونیکردووەتەوە، بۆ پێدانی 300 مێگاوات کارەبایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ