نوێنەرێکی یەکێتی: سوورین لەسەر جێبەجێکردنی گۆڕانکارییەکان لە پۆستەکانی نەینەوا


رووداو دیجیتاڵ 

نوێنەرێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەڵێت، ئەمڕۆ دوایین وادەیە بۆ ئەوەی پارێزگار هەڵوێستی خۆی لەبارەی گۆڕانکاری لە پۆستە کارگێڕییەکانی پارێزگاکە رابگەیێنێت. نوێنەرێکی پارتیش ئاماژە بەوە دەکات، گفتوگۆکان بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە بەردەوامن.
 
محەممەد جاسم کاکەیی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا کە لەسەر لیستی یەکێتی بووەتە ئەندامی ئەو ئەنجوومەنە، رۆژی یەکشەممە 21-07-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ دوایین وادەیە بۆ ئەوەی عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا هەڵوێستی خۆی لەبارەی ئەو گۆڕانکارییانە رابگەیێنێت کە ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنجامی داون." 
 
بێ بەشداری فراکسیۆنی نەینەوای یەکگرتوو کە پارتی دیموکراتی کوردستانیش لەخۆدەگرێ و 13 ئەندامی هەیە، رۆژی 02-07-2024 ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا گۆڕانکاری لە 15 پۆستی کارگێڕی کرد.
 
محەممەد جاسم کاکەیی گوتی، "ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا گۆڕانکارییەکانی بۆ پارێزگاری نەینەوا بەرزکردوونەتەوە و دەبێت پارێزگار لە ماوەی 15 رۆژدا فەرمانیان بۆ دەربکات. بە لابردنی پشووەکان، ئەمڕۆ دوایین وادەیە. ئەنجوومەن سوورە لەسەر جێبەجێکردنی بڕیارەکان."
 
ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە 29 کورسی پێکدێت کە سێیان کۆتان. پارتی چوار کورسی و یەکێتی دوو کورسی هەیە. 
 
ئەنجوومەنەکە بەسەر دوو بەرەدا دابەشبووە. بەرەی یەکەم بریتییە لە فراکسیۆنی نەینەوای یەکگرتوو کە لە بەشێکی سوننەکان و پارتی پێکهاتووە. بەرەی دووەم بریتییە لە فراکسیۆنی نەینەوای داهاتوو کە 16 کورسی هەیە و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش بەشێکە لێی. 
 
نوێنەرەکەی یەکێتی گوتی، "پارێزگار کەوتووەتە دۆخێکی هەستیارەوە بە جۆرێک هەر بڕيارێک بدات لایەکی ئەنجوومەنەکەی لێ دەتۆرێ، بەڵام ئەگەر بڕیارەکانی ئەنجوومەن جێبەجێ نەکات، ئەنجوومەن لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکات یان لە دادگەی باڵای فیدراڵی سکاڵای لەسەر تۆمار دەکات."
 
دوای رۆژێک لە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، دەستەی باڵای هاوئاهەنگیی نێوان پارێزگاکان لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە نووسراوێک وەڵامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوای دایەوە و لە شێوەی سەرزەنشتکردندا ئەوەی روونکردەوە کە پێشتر پێیانگوترابوو لەو بابەتەدا "پەلە نەکەن."
 
نوێنەرەکەی یەکێتی دەڵێ، "نووسراوەکە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوای هەڵنەوەشاندووەتەوە."
 
لەو کاتەوە فراکسیۆنی نەینەوای یەکگرتوو ئەندامێتی خۆی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا هەڵپەساردووە.
 
ئەحمەد دووبەردانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان رۆژی یەکشەممە 21-07-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو ئێستا لە هەڵپەساردنی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بەردەوامین. سەرکردە سیاسییەکانمان لە بەغدا لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە گفتوگۆدان بۆ چارەسەرکردنی ئەو بابەتە."
 
نوێنەرەکەی پارتی گوتی، "بڕیارەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لەبارەی گۆڕانکارییەکان هەڵنەوەشێندراوەتەوە. دەستەی باڵای هاوئاهەنگی نێوان پارێزگاکان لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق داوای کردبوو پەلە نەکرێت، نەوەک ئەوەی بڕیارەکان هەڵبوەشێنێتەوە."
 
ئەحمەد دووبەردانی بە دووری دەزانێ "پارێزگاری نەینەوا فەرمان بۆ ئەو گۆڕانکارییانە دەربکات، چونکە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای لێکردووە جێبەجێکردنی بڕیارەکە دوابخات، تاوەکو وەڵامی ئەنجوومەنی شورای دەوڵەتی بەدەست دەگات لەبارەی چۆنییەتی گۆڕانکارییکردن لە پۆستەکان دا."
 
گۆڕانکارییەکانی بەم شێوەیەن:

 

- سەیدۆ خەیری ئەحمەد قایمقامی شنگال
-عامر مستەفا، بەڕێوەبەری ناحیەی نەمروود
 - عەلی ساڵح، قایمقامی قەزای حەزەر
 - غالب عەلی، بەڕێوەبەری ناحیەی قەراج
 - شەعلان عەبدولڕەزاق ساڵح، بەڕێوەبەری ناحیەی بەعاج
 - سەردار سیامەند عەبدوڵڵا، قایمقامی قەزای مەخموور
 - ئوسامە شاهر ئەحمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی گەیارە
 - سامر یوسف حەبیب، قایمقامی قەزای حەمدانییە
 - تارق دەرک خەلووف، بەڕێوەبەری ناحیەی تەل
 فەلاح قەنبەر عەلی، بەڕێوەبەری ناحیەی بەرتلە
 داود جوندی، بەڕێوەبەری ناحیەی سنوونێ
 - عوەید خەلیل ئەحمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی زوممار
 - یاسر عەساف حەسەن، بەڕێوەبەری ناحیەی وانکێ
 - زیاد تەها مەحموود، بەڕێوەبەری ناحیەی حەمام عەلیل
 - سەعد زەین عابدین، بەڕێوەبەری ناحیەی عیازییە
 
یەکێتی کە دوو کورسی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا هەیە، سێ پۆستی وەرگرتووە کە بریتین لە قایمقامی مەخموور، بەڕێوەبەری ناحیەی سنوونێ و بەرێوەبەری ناحیەی وانکێ.