عێراقییەکان لە وەرزی گەرما گلەییان لە خراپیی کارەبا هەیە؛ 'کەس ناتوانێت بخەوێت'

 
رووداو - بەغدا

بەهۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی پلەکانی گەرما لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، بەشێک لە خەڵکی ئەو ناوچانە بۆ ماوەیەک روو لە ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن.
 
خێزانەکەی دایکی عەلی 14 کەسن، لەبەر کەمیی کارەبا و گەرمای تاقەت پڕوکێن، ئاواتە خوازبوون وەکو زۆربەی گەشتیارانی عێراق ئێستا لەناو سرووشتی کوردستان بن، بەڵام بەهۆی دەستکورتی، لەبن سێبەری دارەکانی پارکی زەورا وچانێک دەدەن.
 
دایکی عەلی، کابانی ماڵ دەڵێت، "کارەبا نایەڵێت هەناسە بدەین، ئێمە لە خانووی بچووک دانیشتووین، توانامان سنووردارە؛ تاکە شوێن هەوایەکی تێدا هەڵمژین (زەورا)یە. بۆیە هاتینە ئێرە و لێرە دانیشتین، خێزانێکی زۆریش هاتوونەتە ئێرە، بەڵام کێشەی سەرەکیی ئێمە لەگەڵ کارەبایە. کارەبا زۆر ئازاری داوین، نە منداڵ دەخەوێت، نە بەتەمەن، هیچ کەس ناتوانێت بخەوێت."
 
روقیە کازم، قوتابی ئاماژەی بەوە کرد، "بە دڵنیاییەوە هەموو کەس ئاواتەخوازە گەشت بکات بۆ دەرەوە و بۆ باکوور، باکوور جیاوازە لەگەڵ باشوور. ئێرە زۆر گەرمە، کارەبا هەر دێت و دەبڕێت."
 
لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، تادێت شەقام و بازاڕەکان چۆڵتر و بێ رێبوارتر دەبن. محەممەد کەریم، کاسبکار دەڵێت، "ئەگەر دەرچوونێکم هەبێت، ئێوارەیەکی درەنگ دەردەچم، چونکە پلەکانی گەرما زۆر بەرزە. دوێنێ 53 بوو، ئەمڕۆش 53یە، من تەنها بۆ ئیشکردنم دەردەچم و خۆم لە گەرما بەدوور دەگرم، دەچمە شوێنێک سێبەری هەبێت."
 
حوسێن عەباس، فەرمانبەر ئاماژە بەوە دەکات، "بەرزیی پلەکانی گەرما تواناکانی مرۆڤ کەم دەکاتەوە، نەوەک هەر تواناکانی مرۆڤ، هی هەموو شتێک؛ چی بکەین ئیدی."
 
بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرماوە، فرۆشی ئەوانە زیادی کردووە کە ئاوی خواردنەوەی سارد دەفرۆشن، کەریم جەلیل ئاو دەفرۆشێت و دەڵێت، "کاتێک پلەکانی گەرما بەرز دەبنەوە 17 یان 18 و هەندێکجار 20 سێت ئاو دەفرۆشم؛ لەوەندە زیاتر نییە. ئەو گەرمایەی لە سوودان هەیە، لە عێراقیش هەمان شتە و جیاوازیی نییە."
 
وەزارەتی تەندروستیی عێراق هۆشداری دەدات لە نیوەڕۆیاندا بۆ کاری پێویست نەبێت نەچنە دەرەوە، لە دەرەوەش کرێمی دژە خۆر، چەتر، چاویلکەی تاریک، جلوبەرگی لۆکە و رەنگی کاڵ بەکاربهێنن.
 
لە بەغدا پلەی گەرما لە سەرووی 50 پلەی سیلیزییەوەیە، بەپێی پێشبینییەکانی کەشوهەوا، دوێنێ لە حەوت پارێزگای عێراق پلەی گەرما 50 پلە یاخود لە سەرووی 50 پلەی سیلیزییەوە بووە. هاووڵاتییان دەڵێن، بەم کارەبا خراپەی ئێستا، رۆژانی تەممووز رۆژانێکی سووک و ئاسان نابێت بۆیان.