یەکەم کاروانی حاجییانی عێراق لەڕێگەی فڕۆکەخانەی نەجەفەوە دەگەڕێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
هێڵی ئاسمانیی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکەم فڕۆکە لە سعودیەوە دەگاتە فڕۆکەخانەی نەجەف، کە حاجییانی پارێزگای نەجەف و دەوروبەری تێدایە.
مەناف عەبدولمونعیم، بەڕێوبەری گشتیی کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراق، لەبارەی گەڕانەوەی حاجییان بۆ عێراق رایگەیاند، "بەیانیی ئەمڕۆ هەینی، 21ی حوزەیرانی 2024، یەکەم فڕۆکەی عێراقی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا عەبدولعەزیز لە شاری جددەوە بەڕێکەوت بۆ گەڕاندنەوەی حاجییان، بڕیارە ئەمڕۆ بگاتەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەف، دوای ئەوە رۆژانە فڕۆکەکانمان لە فڕۆکەخانەکانی سعودیەوە حاجییان دەگەڕێننەوە بۆ فڕۆکەخانەکانی عێراق."
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراق ئاماژەی بەوەش دا پلانێکی تەواو تۆکمەیان ئامادە کردووە بۆ گەڕاندنەوەی حاجییان بۆ پارێزگاکانی عێراق.
وەلید دلفی، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی کۆمپانیاکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بڕیارە رۆژانە پێنج تاوەکو 10 فڕۆکە بۆ هێنانەوەی حاجییان تەرخان بکەین، پڕۆسەکە بە خێرایی دەبێت و تاوەکو گەڕاندنەوەی سەرجەم حاجییان بەردەوام دەبێت."
ئەم ساڵ نزیکەی 39 هەزار کەس لە عێراقەوە بە مەبەستی حەج چوونەتە سعودیە؛ 4685یان لە هەرێمی کوردستانەوە چوون. جگە لەو حاجییانەی بە ڤیزای گەشتیاری حەجیان کرد.