گرووپێکی شیعەی عێراقی: مردنی حاجیان بەهۆی کەمتەرخەمیی سعودیەیە

 
 
رووداو دیجیتاڵ 

کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا کە یەکێکە لە گرووپەکانی 'مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق' داوا دەکات پرسی حەج بە نێودەوڵەتی بکرێت و بەهۆی ژمارەی زۆری مردنی حاجییانی ئەم ساڵەوە، رەخنە لە سعودیە دەگرێت و بە"کەمتەرخەم" ناوی دەهێنێت.
 
کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا، کە لەلایەن ئەبو ئالا وەلائییەوە سەرپەرشتی دەکرێت، راگەیێندراوێکی لەبارەی وەرزی حەجی ئەمساڵ بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە: "ژمارەی شۆکهێنەری قوربانیانی حاجییانی ماڵی خودامان بینی، کە بەهۆی کەمتەرخەمی و کەموکورتی لەلایەن دەسەڵاتدارانی سعودیەوە لە بەڕێوەبردنی ئەو رووداوە گرنگە گیانیان لەدەستداوە. ئەو بابەتە شکستێکی روونی دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە لە جێبەجێکردنی ئەو ئەرکە گەورەیە، نیشاندەدات."
 
کەتیبەکانی سویدولشوهەدا، داوا دەکات سرووتی حەج بەنێودەوڵەتی بکرێت و وڵاتانی رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی لە بەڕێوەبردنیدا بەشداربن: "ئەوەش بۆ پاراستنی گیانی بێگوناهان کە بەهۆی کەمتەرخەمی و خراپ رێکخستنی هەموو ساڵێکەوە روودەدات." وەک لە راگەیێندراوەکەیاندا هاتووە.
 
ئەو گرووپە شیعەیە نموونە بە مەزارەکانی عێراق دەهێنێتەوە و دەڵێت: "عێراق کە ساڵانە سەردانە ملیۆنییەکان بۆ مەزارە پیرۆزەکانی رێکدەخات، دەتوانێت هاوکاریی لەو پێناوەدا بکات."
 
تاوەکو ئێستا، نزیکەی 10 وڵات گیانلەدەستدانی لانیکەم هەزار و 89 حاجییان راگەیاندووە، حەج کە بە گوێرەی ساڵنامەی کۆچی کاتەکەی دیاری دەکرێت، ئەمساڵ کەوتە وەرزی گەرمای تاقەتپڕوکێنی سعودیە.
 
ئەم هەفتەیە، ناوەندی کەشناسیی سعودیە رایگەیاند، پلەی گەرمای مزگەوتی حەرام لە مەککە گەیشتووەتە 51.8 پلەی سیلیزی.