دامەزراوەى شەهیدان داواى 177 ملیار دینار لە وەزارەتى دارایی عێراق دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ 
 
دامەزراوەى شەهیدانى عێراق لە رێگەى دادگەى فیدراڵیەوە داوا دەکات وەزارەتى دارایی ناچار بکرێت زیاتر لە 177 ملیار دینارى شایستەى دارایی ئەو دەستەیە خەرج بکرێت.
 
سکاڵاکە لەلایەن سەرۆکى دامەزراوەى شەهیدانى عێراق لە دژى وەزیرى دارایی عێراق تۆمارکراوە، 23ى تەممووز یەکەم دانیشتنى تایبەت بەو سکاڵایە دەکرێت. 
 
لە سکاڵاکەدا دامەزراوەى شەهیدان داواى کردووە 177 ملیار و 523 ملیۆن دینارى شایستەى خەرجى بەکاربردن، چاککرنەوە، کۆمەک و چاودێرى کۆمەڵایەتى دەزگاکەى  بۆ مانگى کانوونى یەکەمى 2023  خەرجبکرێت، کە بەگوێرەى نووسراوێکى کۆتایی ئەو ساڵەى وەزارەتى دارایی دەبووایە خەرج بکرایە.
 
چرۆ حەمەشەریف، ئەندامى لیژنەى شەهیدان و قوربانیان و زیندانیانى پەرلەمانى عێرق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، دامەزراوەى شەهیدان کێشەى کەمى بودجە و خەرجنەکردنى پارەى لەلایەن وەزارەتى داراییەوە هەیە، لەدواى کۆتایی پشووى پەرلەمان وەک لێژنەکە لەسەر ئەو پرسە کۆدەبنەوە.
 
بەگوێرەى خشەى بودجەى 2024، خەرجى دامەزراوەى شەهیدانى عێراق بە 483.2 ملیار دینار بۆ ساڵێک دیاریکراوە.
 
چرۆ حەمەشەریف گوتى: "ئەو دامەزراوەیە بۆ هەڵدانەوەى گۆڕە بەکۆمەڵەکان و پێداویستییەکانى دیکە پێویستى بە پارە هەیە".