رووداو دیجیتاڵ
دامەزراوەى شەهیدانى عێراق لە رێگەى دادگەى فیدراڵیەوە داوا دەکات وەزارەتى دارایی ناچار بکرێت زیاتر لە 177 ملیار دینارى شایستەى دارایی ئەو دەستەیە خەرج بکرێت.
سکاڵاکە لەلایەن سەرۆکى دامەزراوەى شەهیدانى عێراق لە دژى وەزیرى دارایی عێراق تۆمارکراوە، 23ى تەممووز یەکەم دانیشتنى تایبەت بەو سکاڵایە دەکرێت.
لە سکاڵاکەدا دامەزراوەى شەهیدان داواى کردووە 177 ملیار و 523 ملیۆن دینارى شایستەى خەرجى بەکاربردن، چاککرنەوە، کۆمەک و چاودێرى کۆمەڵایەتى دەزگاکەى بۆ مانگى کانوونى یەکەمى 2023 خەرجبکرێت، کە بەگوێرەى نووسراوێکى کۆتایی ئەو ساڵەى وەزارەتى دارایی دەبووایە خەرج بکرایە.
چرۆ حەمەشەریف، ئەندامى لیژنەى شەهیدان و قوربانیان و زیندانیانى پەرلەمانى عێرق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، دامەزراوەى شەهیدان کێشەى کەمى بودجە و خەرجنەکردنى پارەى لەلایەن وەزارەتى داراییەوە هەیە، لەدواى کۆتایی پشووى پەرلەمان وەک لێژنەکە لەسەر ئەو پرسە کۆدەبنەوە.
بەگوێرەى خشەى بودجەى 2024، خەرجى دامەزراوەى شەهیدانى عێراق بە 483.2 ملیار دینار بۆ ساڵێک دیاریکراوە.
چرۆ حەمەشەریف گوتى: "ئەو دامەزراوەیە بۆ هەڵدانەوەى گۆڕە بەکۆمەڵەکان و پێداویستییەکانى دیکە پێویستى بە پارە هەیە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ