رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى گواستنەوەى عێراق دەڵێت، لە ئەمڕۆ هەینییەوە گەڕاندنەوەى حاجییان بە رێگەى ئاسمانى و وشکانى دەستپێدەکات و دوایین کاروانیش 3ى تەممووز دەگەڕێنەوە. ئەوەی کە پەیوەندی بە حاجییانی هەرێمی کوردستانەوە هەیە، رۆژی 24ی مانگ کاروانێک دەگاتەوە هەولێر و کاروانێکیش سلێمانی.
مەیسەم سافى، گوتەبێژى وەزارەتى گواستنەوەى عێراق رۆژی هەینی، 21-6-2024 بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "ئەمڕۆ هەینى یەکەم گەشتى گەڕانەوەى حاجییان لە شارى جەدەى سعودیەوە بۆ عێراق دەستپێدەکات و یەکەم کاروان کاژێر 7:00ى ئێوارە دەگاتە فڕۆکەخانەى بەغدا و گەشتەکەى دیکەش بۆ فڕۆکەخانەى نەجەف دەبێت. ئەمڕۆ تەنیا ئەو دوو گەشتە ئاسمانییە دەکرێن".
مەیسەم سافى رایگەیاند: "گەشتەکان بۆ گەڕانەوەى حاجییان لە رۆژانى داهاتوودا زیاتر دەبن تاوەکو دەگاتە حەوت گەشت لە رۆژێکدا و بەشێک لەو گەشتانەش بۆ فڕۆکەخانەکانى هەرێمى کوردستان دەبن".
ئەم ساڵ نزیکەی 39 هەزار کەس لە عێراقەوە چوونەتە سعودیە بە مەبەستی حەجکردن؛ 4685یان لە هەرێمی کوردستانەوە چوون.
گوتەبێژى وەزارەتى گواستنەوەى عێراق رایگەیاند، لەگەڵ یەکەم گەشتى ئاسمانى گەڕانەوەى حاجییان، یەکەم گەشتى وشکانیش لە شارى مەدینەوە دەستپێدەکات و حاجییەکان بە پێنج رۆژ دەگەنەوە.
هاوکات رۆژگار جەعفەر، بەرپرسی راگەیاندنی شاندی حاجییانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، گەڕانەوەی ئەو حاجییانەی کە بە فڕۆکە و لە رێگەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیەوە چوونەتە حەج رۆژی 24ـی ئەم مانگە دەستپێدەکات و "کاژێر 9:45ـی بەیانی ئەو رۆژە یەکەم کاروانیان دەگاتەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر؛ کاژێر 12:00ی شەویش یەکەم کاروانیان دەگاتەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی".
رۆژگار جەعفەر ئاماژەی بەوەشکرد، تاوەکو 30ـی ئەم مانگە سەرجەم حاجییانی هەرێمی کوردستان دەگەڕێنەوە هەولێر و سلێمانی.
ئەوەی کە پەیوەندی بەو حاجییانەوە هەیە کە لە رێگەی وشکانییەوە و لە رێگەی وەزارەتی ئەوقافەوە چوون، رۆژگار جەعفەر گوتی، رۆژی 22ی مانگ لە مەککەوە بەرێ دەکەون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ