سەرۆککۆماری عێراق یاسای بودجەی پەسندکرد

رووداو دیجیتاڵ 

لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق، یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی پەسندکرد و رایگەیاند، "پەسندکردنی بودجە، خاڵی وەرچەرخان دەبێت بۆ ئەوەی حکومەت دەست بە بەرنامەکەی بکات".
 
لە راگەیێندراوێکدا نووسینگەی رۆژنامەڤانیی سەرۆککۆماری عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ (چوارشەممە، 21ـی حوزەیرانی 2023) سەرۆککۆماری عێراق یاسای بودجەی گشتیی دارایی فیدراڵی پەسندکرد... سەرۆککۆماری عێراق جەخت دەکاتەوە لەوەی ئەمە "خاڵی وەرچەرخانە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی هاووڵاتییان و پێشکێشکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک تەندروستی و خوێندن و گونجاندنی ژێرخانی ئابووری بە پرۆژەی ستراتیژی کە بە ئەرینی رەنگدانەوەیان لەسەر ژیانی رۆژانەی هاووڵاتییان دەبێت" لەلایەن حکومەتەوە.
 
پەسندکردنی بودجەی گشتیی عێراق لەکاتێکدایە بەرەبەیانى رۆژی 12ـی حوزەیران، پەرلەمانى عێراق پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی بۆ ساڵەکانی 2023، 2024 و 2025 پەسندکرد، ئەمەش بووە یەکەمجار لەدواى ساڵى 2021ـەوە پەرلەمانى عێراق بودجەى گشتى پەسند بکات.
 
ئەوەی نوێیە و تایبەتە بە هەرێمی کوردستان لە بودجەکەدا، ئەوەیە؛ بۆ یەکەم جارە لە یاساى بودجەى گشتیی عێراقدا بچەسپێندرێت رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوتى هەرێمى کوردستان رادەستى کۆمپانیاى بەبازاڕکردنى نەوتى عێراق (سۆمۆ) بکرێت.
 
رۆژی هەینی، 16-6-2023، عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "یاسای بودجەی ساڵی 2023ـی لەلایەن سەرۆکی پەرلەمانەوە نێردراوە و گەیشتووەتە سەرۆکایەتیی کۆمار بۆ واژۆکردنی".
 
سەرۆککۆمار ماوەی دوو هەفتەی لەبەردەست بوو بۆ ئەوەی یاسای بودجە پەسندبکات و یاساکە لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی بڵاوبکرێتەوە و بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام پێش کۆتاییهاتنی وادەکە واژۆی کرد. 

 

قەبارەی بودجەکە بۆ هەرساڵێک نزیکەی 199 تریلیۆن دینارە و ساڵانە 16 تریلیۆن دیناریش لەو بڕە، پشکى هەرێمى کوردستانە.