پەرلەمانی عێراق چاودێرییەکانی لەسەر ئەنجوومەنی پارێزگاکان و پارێزگارەکان زیاتر دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ 

پەرلەمانی عێراق لە رێگەی کاراکردنی یاسا و چاودێرییەوە رۆڵ و ئەرکی ئەنجوومەنی پارێزگاکان زیاد و کاریگەر دەکات، بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی نوێنەران کۆنفڕانسێک رێکبخات.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 21ـی ئایاری 2024، پەرلەمانی عێراق کۆنفڕانسێک لەبارەی هاوئاهەنگیی یاسایی و چاودێری لەنێوان خۆی و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق (بەبێ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان)، رێکدەخات.
 
کۆنفڕانسەکە لەنێو پەرلەرمان بە ئامادەبوونی ئەندامانی پەرلەمان و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و جێگرەکانیان دەکرێت. 
 
تاوتوێی ژمارەیەک پرس دەکرێت، لەوانە: رێکخستنی میکانیزمەکانی پەیوەندیی نێوان ئەنجوومەنی پارێزگاکان و پەرلەمان لەبارەی یاساکانی بودجە و جێبەجێکردنیان، یاسای پارێزگاکان، هەموارکردنەوەی ئەو سێ یاسایەی پەیوەندییان بە کاری ئەنجوومەنی پارێزگاکانەوە هەیە.
 
هەروەها تەوەرێکی دیکەی کۆنفڕانسەکە باسکردنی لایەنی چاودێری دەبێت. کوردە عومەر، ئەندامی لیژنەی هەرێم و پارێزگاکانی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت: "پەرلەمانی عێراق دەیەوێت رۆڵی چاودێریکردنی خۆی لە رێگەی لیژنەکەمانەوە بەسەر ئەنجوومەنی پارێزگاکان و پارێزگارەکان و کارەکانیان زیاتر بکات، چونکە بۆشاییەکی زۆر لەم رووەوە هەیە."
 
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەیەوێت لە رێگەی دروستکردنی تۆڕێکەوە، چاودێری لەسەر ئەنجوومەنی پارێزگاکان زیادبکرێت، جگە لە کاراکردنی رۆڵی نووسینگەکانی پەرلەمان لە پارێزگاکان زیادکردنی سەردانی پەرلەمانتاران بۆ  ئەنجوومەنەکان هەریەک بەپێی پارێزگاکانیان و ئاڕاستەکردنی پرسیار لەبارەی کار و پڕۆژەکان و داواکردن لە چاودێری دارایی بۆ هەڵسەنگاندنی کاری ئەنجوومەنەکان.
 
بەپێی راگەیێندراوی ئەنجوومەنی نوێنەران لەبارەی کۆنفڕانسەکەوە، "هاوئاهەنگیکردن لەبواری یاسای بودجە و جێبەجێکردنی و دانانی بەرنامەی پێویست بۆ ئەوە. ئامادەبوونی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنەکانی پارێزگاکان لە لیژنەکانی تایبەتمەند لە ئامادەکردنی بودجە و جێبەجێکردنیان، ساڵانە بە لانی کەمەوە شەش میوانداری هەبێت" لە دیارترین بڕیارەکانی کۆنفڕانسەکە دەبن.
 
پەرلەمانی عێراق دەیەوێت لەرێگەی ئاگاداربوون لە راپۆرتەکانی دیوانی چاودێری دارایی بەدواداچوون بۆ بەفێڕۆدانی دارایی و سامانی گشتی لەلایەن ئەندامانی ئەنجوومەکانی پارێزگاکا و پارێزگارەکانەوە بزانێت و لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکات.
 
رۆژی 18ـی کانوونى یەکەمى 2023، هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە 14 پارێزگای عێراق و پارێزگای کەرکووک کرا.
 
رۆژی 28ـی کانوونى یەکەمى 2023، کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى راگەیاند و دەستى کرد بە وەرگرتنى تانە، دواتر رەوانەى دەستەى دادوەرى کۆمیسیۆنی کرد بۆ تاوتوێکردنیان تاوەکو 18ى کانوونى دووەم ئەنجامى سەرجەم تانەکان گەڕێندرانەوە بۆ کۆمیسیۆن.