عێراق
دیمەنێکی جەژنی ئەکیتۆ لە رۆژئاوای کوردستان؛ کچان و کوڕانی مەسیحی بە جلوبەرگی کولتوورییانەوە دەردەکەون.
رووداو دیجیتاڵ
پێنج پارتی سیاسیی کریستیان داوا لە پەرلەمانی عێراق دەکەن، رۆژی 1ـی نیسان کە دەکاتە سەری ساڵی بابلی ئاشووری بکرێتە پشووی فەرمی لە عێراق. دەشڵێن، ئەو رۆژە هاوشێوەی جەژنی نەورۆز بێت.
ئەوانەی داواکەیان کردووە بریتین لە پارتەکانی یەکێتی بەیت نەهرێنی نیشتمانی، بزووتنەوەی دیموکراتی ئاشووری، بەیت نەهرێنی دیموکراتی، ئەنجوومەنی میللیی کلدانی سریانی ئاشووری و پارتی نیشتمانی ئاشووری.
لە راگێیندراوێکیاندا لەبارەی داواکارییەکەیانەوە دەڵێن، "داوا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەین رۆژی 1ـی نیسان لەنێو پشووە فەرمییەکانی نیشتمانی دابنێت، چونکە ئەو رۆژە سەری ساڵی بابلی ئاشوورییە، هاوشێوەی 21ـی ئادار کە جەژنی نەورۆزە".
ئەو پارتە سیاسییانە ئاماژەیان بەوە کردووە، رۆژی 1ـی نیسان کە جەژنی "ئەکیتۆ"ـی پێدەگوترێت، وەکو رۆژێکی نیشتمانیی عێراقی ریشەی مێژوویی بۆ زیاتر لە شەش هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە و هێشتا پێکهاتەی نەتەوەیی کلدان سریان ئاشووری لە هەموو شار و شوێنەکان یادی دەکەنەوە.
لە راگێیندراوەکەیاندا لایەنە سیاسییەکانی کریستیانەکان دەڵێن، "پەسندکردنی یاسای پشوو و بۆنە نیشتمانییەکانی عێراق بەبێ 1ـی نیسان کە سەری ساڵی بابلی ئاشوورییە، پاشگەزبوونەوەیە لە میراتی شارستانییەتی عێراق و کەمکردنەوەیە لە دەوڵەمەندیی نیشتمانی".
هەروەها داوا دەکەن ئەو رۆژە بکرێتە پشوو "بۆ ئەوەی هەمووان شانازی بکەن بە بوونیان لە پارێزگاریکردن لە مانەوەیان لەژێر یەک چەتری کۆکەرەوەدا".
نینۆس سیاوەش، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی ئەنجوومەنی میللیی کلدانی سریانی ئاشووری بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە عێراق هیچ رۆژێکی پشووی تایبەت بە کریستیانەکان نییە، لەکاتێکدا لە هەرێمی کوردستان چەند بۆنە و جەژنێکمان هەیە پشووە، لەنێویاندا رۆژانی 25 و 26ـی کانوونی یەکەمی هەموو ساڵێک کە لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح دەکات، لەگەڵ سەری ساڵی بابلی ئاشووری، هەروەها رۆژی 7ی ئاب کە رۆژی شەهیدی کریستیانە، لەگەڵ جەژنی قیامە کە سێ رۆژە، جەژنێکی کریستیانەکانە و گوزارشت لە زیندووبوونەوەی پێغەمبەر عیسا دەکات و زۆربەی کات دەکەوێتە یەکەم یەکشەممەی مانگی نیسان، لەگەڵ جەژنی نووسەردیل".
بڕیارە رۆژی چوارشەممە، 22ـی ئایاری 2024، پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان و خوێندنەوەی ژمارەیەک رەشنووسی یاسا کۆببێتەوە، لەنێویاندا رەشنووسی یاسای پشووە فەرمییەکان.
ئێستا ساڵی 6774ـی بابلی ئاشوورییە، کریستیانەکان ساڵانە لە 1ـی نیسان کە دەکاتە سەری ساڵی نوێی بابلی ئاشووری ئاهەنگ دەگێڕن و خۆشی دەردەبڕن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ