حکومەتی عێراق تاوتوێی دامەزراندنی کارگەی پاس و تابلێت دەکات

ژمارەیەک پاس لە نەجەف.
رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی سندووقی عێراق بۆ پەرەپێدان بە سەرپەرشتیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە و، هاوبەشی و بەشداریکردنی وەبەرهێنانی بیانی لە ئابووریی عێراق و دامەزراندنی کارگەکانی دروستکردنی پاس و تابلێت تاوتوێکران.
 
رۆژی دووشەممە، 20-05-2024، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەرپەرشتی سێیەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی سندوقی عێراقی بۆ پەرەپێدان کرد، وەزیرانی دارایی، پلاندانان، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوون و شارەوانییەکان بەشداران لە کۆبوونەوەکەدا کرد.
 
بەگوێرەی راگەییێندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ کرا لەبارەی پرۆژەکانی پلانی کاری سندوقەکە، بەشداریکردنی وەبەرهێنانی بیانی لە ئابووریی عێراق، ئەوەش لە چوارچێوەی کاری پرۆژەکانی سندووقەکە و بەجێکردنی پشەسازیی جۆراوجۆر لە عێراقدا.
 
هەروەها داواکارییەکانی کەرتی تایبەت تاوتوێکران، بۆ دروستکردنی باڵەخانەی قوتابخانە، لەگەڵ پرۆژەی دامەزراندنی کارگەی دروستکردنی پاس بۆ گواستنەوەی سەرنشینان، ئەوەش بەهاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیایەکی جیهانی پسپۆڕ. هەروەها داواکاری دامەزراندنی کارگەیەکی تابلێتی ئەلیکترۆنی و بەکارهێنانی لە قوتابخانەکان، ئەوەش لە چوارچێوەی پرۆسەی خوێندن و پەروەردە دا.
 
هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دۆسیەی هاوبەش لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکی، بەریتانی و سعودییەکان کرا، لە بواری تەکنەلۆژیای نوێی ئاودێری، بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا لەو بوارەدا، هەروەها بواری گازی پیشەسازی و رووناککردنەوەی رێگە و پردەکان.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سوودانی، لەو کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر دیاریکردنی وادەیەکی تایبەت بۆ دەستپێکردنی  پرۆژەی "کرێ و خاوەندارێتی" کرا، تاوەکو بە کردەیی و ئابوورییانە بەشداربێ لە چارەسەرکردنی قەیرانی نیشتەجێبوون.